بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لە گەڵ ڤیلیام سامۆیی ڕوتۆ سەرۆک کۆماری کینیا، وتی: دەستی هەموو وڵاتانی ئەفریقی بە گەرمی دەگوشین و هاوکارییەکانی ئێران لە گەڵ وڵاتانی ئەفریقی بە تایبەت کینیا ڕیشەی مێژوویی هەیە.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی کە ئێران و کینیا دەرفەتی هاوکاری هاوبەشیان زیاترە.
ناوبراو وتی: ئەفریقا کیشوەری دەرفەتەکانە و تێڕوانینی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش بە ئەفریقا، هاوکاری و دۆستانەیە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: وڵاتی ئێمە سەرەڕای هەموو هەڕەشە و سزاکان، بە پاڵپشتی ڕێبەرێکی زانا لەوەدا سەرکەوتوو بووە کە لە بوارە جیاجیاکان پێشکەوتنی هەبێت و ئەمڕۆ ئێران بووەتە خاوەنی پێشکەوتن و تەکنۆلۆژیا.
ناوبراو وتی کە ئێمە ئامادەین لە ڕووی ئەزموونەکانی خۆمانەوە هاوکاری کینیا بکەین.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی: ئەم سەردانە خاڵێکی وەرچەرخانە لە مێژووی پەیوەندییەکانمان و کینیا دەتوانێت بازاڕێکی زۆر باش بۆ کاڵا و بەرهەمەکانی ئێران لە ناوخۆ و لە ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا بێت.
ڤیلیام سامۆیی ڕوتۆ سەرۆک کۆماری کینیاش لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا وتی کە 5 ڕێکەوتنی هاوکاری هاوبەش لە بوارەکانی پەیوەندییەکان، سامانی ماسی، تەندرووستی، ئاژەڵداری و وەبەرهێنان لە نێوان هەر دوو وڵات واژۆ کراوە.
ناوبراو وتی: کارگەی درووستکردنی ئۆتۆمبێلی ئێرانی لە کینیا دادەمەرزێت و دڵنیاین کە ئەم پرۆژەیە ڕاناگیرێت و بەردەوام دەبێت./.