بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ناسر کەنعانی ڕۆژی دووشەممە لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هەفتانەی خۆی، وتی: لە کۆبوونەوەی ئەم دواییەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، هەنگاوی دوژمنکارانەی سێ وڵاتی ئەورووپی بینرا و ئەو وڵاتانە بە نایاسایی کەڵک لە سزا و گەمارۆی تاکلایانە لە دژی ئێران وەردەگرن و بەردەوام ئەوەمان دووپات کردووەتەوە کە پەنابردن بۆ ئەم سیاسەتە، نایاسایی و پێشێلکردنی مافی مرۆڤە.
ناوبراو وتی: سەبارەت بە ڕێکەوتنی ناوەکی، ئەمریکا بە نایاسایی لە ڕێکەوتنێکی نێودەوڵەتی کشایەوە و وڵاتانی ئەورووپیش بەڵێنەکانی خۆیان جێبەجێ نەکرد و سەرەڕای ئەو بەڵێنانە، نەبوونی ئەمریکایان قەرەبوو نەکردەوە، ئەو سێ وڵاتە ئەورووپییە هێندەی ئەمریکا بەرپرسیاریەتییان هەیە و ئەوەیان نەبردە سەر و دەبێت وەڵام بدەنەوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: ئەوەی کە ئەو سێ وڵاتە خۆیان بە ڕاست بزانن و ئێران تۆمەتبار بکەن و سزای نوێ بە سەر ئێراندا بسەپێنن، هەنگاوێکی نایاسایی و قبووڵنەکراوە، ئەم هەڵسووکەوتە ڕەتدەکەینەوە و لەو بڕوایەداین کە ئەنجامێکی نابێت و لە ڕابردووشدا سیاسەتی وەهای ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی ئەنجامێکی نەبووە.
کەنعانی وتی: وڵاتانی ئەورووپی دەبێت ئاگاداری ئەوە بن کە هەر هەنگاوێکی نوێی ئەوان کاردانەوەی توندی ئێرانی لێدەکەوێتەوە./.