بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هەواڵی ونبوونی ئیلیزابێس تسۆرکۆڤ لە عێراق کە بانگەشەی بۆ دەکرێت توێژەرێکی زایۆنیستی – ڕووسی بووە، لە ماوەی ڕابردوو لە میدیاکانی عێراق و ناوچەکە و جیهان بڵاو بووەتەوە. پێگەی کەناڵی ” المیادین ” لە ڕاپۆرتێکدا چەند نهێنییەکی لە سەر کار و چالاکییەکانی ئەو سیخوڕە لە وڵاتانی ناوچەکە بڵاو کردووەتەوە.
تەل ئەبیب؛ لە بێدەنگی تا بانگەشەی ڕفاندن
لە سەرەتای ڕاپۆرتەکەی المیادین دا هاتووە: هەواڵی ونبوونی ئیلیزابێس تسۆرکۆڤ توڕەبوونی دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانی ڕژێمی زایۆنیستیی بە دواوە بووە، پاش ئەوەی کە ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی دانی بەوەدا نا کە ناوبراو ونبووە.
المیادین ڕایگەیاندووە: تسۆرکۆڤ کە سەرەتا وەک چالاکێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەناسرا، لە مانگی ئازار پەیوەندییەکانی لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی پچڕاند. لە ڕاستیدا چوار مانگە کە لە ئیسرائیل ئەم بابەتە بە بێدەنگی ماوەتەوە تا ئەوەی کە لە پاش ئاشکرابوونی هەواڵەکە، نووسینگەی بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی هەواڵی ونبوونی ناوبراوی لە ناوچەی کەڕادەی بەغدا پشتڕاست کردەوە و کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقی تۆمەتبار کرد و حکومەتی عێراقیشی بە بەرپرسی پاراستنی گیانی ناو برد.
لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە: هەواڵی ونبوونی تسۆرکۆڤ پاش تێپەڕبوونی چەند مانگێک، پرسیاری زۆری لە میدیاکانی جیهاندا بە دواوە بووە. پرسیارەکە ئەوەیە کە ڕژێمی زایۆنیستی بۆ ماوەیەکی زۆر لە بەرامبەر ونبوونی ناوبراودا بێدەنگ بووە و ئیلیزابێس بۆ چ کارێک نێردراوەتە عێراق؟ بەدەر لەو گومانانەی کە سەبارەت بە هاتنی بە پاسپۆرتی ڕووسی و ئیش و کارەکانی هەیە.
تسۆرکۆف؛سیخوڕێک لە بەرگی توێژەریدا
لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاپۆرتەدا سەبارەت بە هەڵوێستەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە سەر دۆسیەی تسۆرکۆڤ هاتووە: نووسینگەی نتانیاهۆ کە ڕایگەیاندبوو ناوبراو چەند مانگ بەر لە ئێستا لە عێراق ونبووە بەڵام هێشتا زیندووە و لای کەتیبەکانی حیزبوڵڵایە، بانگەشەی ئەوەیکردووە کە ئیلیزابێس تەنیا لە بواری زانکۆکاندا توێژینەوەی کردووە و بۆ ئەو مەبەستە و بە نوێنەرایەتی لە زانکۆیەکی ئەمریکی سەردانی عێراقی کردووە.
کەناڵی زایۆنیستی کان بە زانیاری نوێ ڕایگەیاندووە کە تسۆرکۆڤ ئەفسەرێکی پێشووی سوپای ئیسرائیلە لە وەک توێژەرێک لە کاروباری سوریا دەناسرێت. ناوبراو شرۆڤەکارێکی شەڕی ناوخۆییە و لە ساڵی 2011 چالاکییەکانی لە سوریا دەستیپێکرد کە پاشان لەوێوە بە پاسپۆڕتی ڕووسی سەردانی عێراقی کردووە.
المیادین لە درێژەدا و بە پشت بەستن بە ڕاپۆرتی میدیاکانی ڕژێمی زایۆنیستی ڕایگەیاندووە: تسۆرکۆڤ لە ساڵانی ڕابردوو لە ساڵانی ڕابردوو سەبارەت بە توێژینەوە مەیدانییەکان لە عێراق و سوریا لە بەرژەوەندی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و چەندین پەیمانگەی تایبەت و سەنتەرەکانی توێژینەوەی ئەوان چالاکی کردووە.
لە درێژەدا هاتووە: ناوبراو ئەفسەرێکی پێشووی سوپای ئیسرائیلە کە بەردەوام لە ڕاپۆرتەکانیدا بە شانازییەوە باسی بەشداریی لە شەڕی تەمموزی 2006 کردووە و سەرجەم هەوڵەکانی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی نەیارانی ئیسرائیل بەکار هێناوە و لە پاسپۆرتە ڕووسییەکەی بۆ گەیشتنی ئاسان بە وڵاتانی عەرەبی کەڵکی وەرگرتووە و چالاکییەکان و توێژینەوەکانیشی وەک پاساوێک بۆ سەردانەکانی بەکار هێناوە. ناوبراو زیاتر لە جارێک سەردانی عێراق و ناوچەکانی سوریای کردووە.
المیادین ڕایگەیاندووە کە تسۆرکۆڤ پەیوەندییەکی بەربڵاوی لە گەڵ نەیارانی سوریا و پەیامنێرانی لوبنانی و عێراقی هەیە کە لە گەڵ وڵاتانی بەرەی خۆڕاگری دوژمنایەتی دەکەن، ئەو لە گەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستانیش پەیوەندییەکی دۆستانەی نزیکی هەیە.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە: کەتیبەکانی حیزبوڵڵا هەواڵەکەیان بە درۆ نەخستەوە بەڵام ئەبوعەلی عەسکەری بەرپرسی ئەمنی جەختیکردووەتەوە کە دانپێدادانی نتانیاهۆ بە بوونی کەسێکی ئەمنیی ڕژێمی زایۆنیستی لە عێراق بابەتێکی مەترسیدارە، بەرپرسانی باڵای عێراقیش ڕایانگەیاندووە کە دۆسیەکە تاوتوێ دەکەن. ئەم دۆسیە پیشان دەدات کە ئیلیزابێس توێژەر نییە و سیخوڕێکی پلە یەکە.
سیخوڕی لە عێراقدا بابەتێکی نوێ نییە
لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە: ئەمە یەکەم هەوڵی زایۆنیستەکان بۆ گەیشتن بە عێراق نییە بەڵام ئەم هاتنە ڕاستەوخۆ یان ئاشکرا نەبووە بەڵکوو شێوازی جیاجیای کەلتوری و سیاسی هەبووە و ئەمەش هەمان بابەتە کە هاشم ئەلکەندی شرۆڤەکاری عێراقی باسی کردووە.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە لە ساڵی 2003 تا ئێستا ڕژێمی زایۆنیستی لە ژێر ناوی ئەمریکا و کۆمپانیاکان و دامەزراوەکانی ئەم وڵاتە هەوڵی گەیشتنی بە عێراق داوە، پێویستە حکومەتی عێراقیش بە گرنگییەوە لەم دۆسیەیە بڕوانێت کە لە ڕاستیدا شەڕێکی ئەمنی مەترسیدارە.
ئەلکەندی ڕایگەیاندووە کە دەستبەسەرکردنی تسۆرکۆڤ بە نهێنی و پاش تاوتوێکردنی زانیارییەکان و ئەو گومانانەی لە سەری بووە، کراوە، زانیاری زۆریش لە سەر هاوکاری تسۆرکۆڤ لە گەڵ مۆساد و چاوپۆشیکردنی بەرپرسانی هەولێر لە جموجوڵ و چالاکییەکانی ناوبراو هەیە./.