بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانی ئێران و عێراق لە ساڵانی ڕابردوو گەشەی سەندووە و هەر دوو وڵات بەدەر لە بواری سیاسی، لە بواری ئابوریش پەیوەندییەکانیان بەرەوپێش بردووە. هەناردەی گازی ئێران بۆ عێراق لە ساڵی 2016 ەوە دەستیپێکردووە بەڵام بەرپرسانی هەر دوو وڵات لەو بڕوایەدان کە دەتوانن لە بواری وزەدا زیاتر پەرە بە هاوکارییەکانی نێوانیان بدەن، هەر بۆیە لە پەراوێزی هەشتەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) لە ڤیەننا وەزیرانی نەوتی ئێران و عێراق بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆژە نەوتییە هاوبەشەکان وتووێژ و بیر و ڕایان ئاڵوگۆڕ کرد.
جەواد ئەوجی وەزیری نەوتی ئێران و حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق لە پەراوێزی دووەم ڕۆژی هەشتەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئۆپێک لە کاتێکدا سەبارەت بە هاوکارییە هاوبەشەکان لە بواری نەوت و گاز چەندین کاتژمێر پێکەوە وتوویژیان کرد کە پەیوەندییەکانی نێوان تاران و بەغدا لە بواری پیشەسازی نەوت لە ئاستێکی باڵادایە بەراورد بە دەیەکانی ڕابردوو. وەبەرهێنانی هاوبەش و پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییە هاوبەشەکان، هەناردەی خزمەتگوزاری تەکنیکی و ئەندازیاری ئێران بۆ عێراق و جێبەجێکردنی پرۆژە هاوبەشەکان لە گرنگترین تەوەرەکانی وتووێژەکەی وەزیرانی نەوتی هەر دوو وڵات بووە.
بەردەوامی هەناردەی گازی ئێران بۆ عێراق
ئێران دوو گرێبەستی گازیی لە گەڵ عێراق هەیە. یەکەم بەغدا کە لە ساڵی 2013 و ئەوی دیکە بەسرە کە لە تەمموزی 2015 واژۆیان لە سەر کرا. گرێبەستی 6 ساڵەی هەناردەی گازی ئێران بۆ بەسرە لە ساڵی 2015 بە ئامانجی هەناردەی ڕۆژانە 35 ملیۆن مەتری سێجا گاز بۆ ئەم ناوچەیە واژۆ کرا. بە پێی ئەم گرێبەستەش، ئێران لە وەرزی سەرما ڕۆژانە 20 ملیۆن مەتری سێجا و لە وەرزی گەرما ڕۆژانە 35 ملیۆن مەتری سێجا گاز هەناردەی بەسرە دەژات. گرێبەستی کۆتایی هەناردەی گازی ئێران بۆ وێستگەی بەغدا بە هێڵی بۆریی یەکەم (ئیلام) لە ساڵی 2013 واژۆ کرا کە هەر دوو گرێبەستیش لە بواری جێبەجێکردندایە و عێراق بووەتە کڕیاری گازی ئێران.
پرسی کۆتایی هاتنی هەناردەی گازی ئێران بۆ عێراق لە چەند مانگی ڕابردوو بەردەوام لە لایەن بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی ئێرانەوە بە درۆ خرایەوە. ماوەیەک پێش ئێستا محەممە ڕەزا جەولایی لە بەرپرسانی باڵای کۆمپانیای نیشتمانی گازی ئێران لە میانەی سەردانی شاندێکی وەزارەتی کارەبای عێراق بۆ تاران ڕایگەیاند کە هەناردەی گاز بۆ عێراق زیادی کردووە.
وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراقیش ساڵی ڕابردوو ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی هیچ قەرزێکی گازی ئێرانی لا نەماوە و بڕیارە شاندێک لە عێراقەوە سەردانی ئێران بکات و ئامانجی سەردانەکەش بەرزکردنەوەی ڕێژەی هەناردەی گازە لە ئێرانەوە بۆ عێراق. بە وتەی ناوبراو، عێراق ڕۆژانە 20 ملیۆن مەتری سێجا گازی ئێران هاوردە دەکات و پێویستی بە ڕێژەیەکی زیاترە.
محەممەد چگینی جێگری وەزیری نەوتی ئێران بۆ کاروباری گاز لە ماوەی ڕابردوو بە ئاماژە بە دانەوەی قەرزەکان لە لایەن عێراقەوە، وتی: وەزارەتی کارەبای عێراق سەرجەم قەرزەکانی تایبەت بە هاوردەی گازی ئێرانی داوەتەوە و ئەم قەرزە لە ئێستادا نەماوە بەڵام هەندێک کێشەی گواستنەوەی پارە لە بانکی TBI ی عێراق دێتە پێشەوە.
لە ساڵی 2022 (1401 ی کۆچی هەتاوی) نزیکەی 17 ملیار مەتری سێجا گاز لە ئێرانەوە هەناردەی عێراق کرا کە تێکڕای ڕۆژانەی 20 ملیۆن مەتری سێجا بووە و لە ئێستاشدا ڕۆژانە نزیکەی 35 ملیۆن مەتری سێجا هەناردە دەکرێت.
ڕێکەوتنی درێژکردنەوەی هەناردەی گاز
بە پێی ڕێکەوتنی نێوان هەر دوو لا، دوو گرێبەستی گازیی هاوبەش پاش تێپەڕاندنی قۆناغەکانی پێداچوونەوە لە لایەن شارەزایانەوە، تا 5 ساڵی داهاتوو درێژ دەکرێتەوە. وەزیری نەوتی ئێران لە کۆبوونەوەی وەزیری کارەبای عێراق ڕایگەیاند کە ئێران لە ڕووی سامانی مرۆیی و توانای تەکنیکی و ئەندازیاری پێگەیەکی باڵای هەیە و لەم بوارانەدا و سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی زانیاری، دۆزینەوە و پەرەپێدانی کێڵگە هاوبەشەکانی نەوت لە گەڵ عێراق هاوکاری دەکرێت.
پرۆژە گەورەکانی وزە لە نێوان ئێران و عێراق
لە ئێستادا هاوکارییەکانی ئێران و عێراق لە بواری وزە سەرەڕای سزا و گەمارۆکانی ئەمریکا بەردەوامە، بە شێوازێک کە هەر دوو وڵات، 5 پرۆژەی گەورەیان لە بواری وزەدا هەیە کە یان لە بواری جێبەجێکردندان یان دانوستانیان لە سەر دەکرێت.
بە وتەی وتەبێژی یەکێتی هەناردەکارانی نەوت، گاز و پترۆکیمیای ئێران گواستنەوەی نەوتی کەرکوک دەستیپێکردووە کە ئەنجامی هاوکاری لە گەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقە و ڕۆژانە نزیکەی 80 تەنکەر نەوتی خاو دێتە ئێران. هەروەها دانوستان بۆ هەناردەی گازی ئێران بۆ پیشەسازییەکانی عێراق دەستیپێکردووە کە لایەنی عێراقی کۆمپانیای گازی ئەم وڵاتەیە. هەروەها دانوستان بۆ هاوکاری لە بواری گازی شل دەستیپێکردووە. عێراقییەکان دەیانەوێت کەڵک لە ئەزموونەکانی ئێران وەربگرن.
سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئێران پەرەپێدانی هاوکارییەکانە لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ، بۆ ئەم مەبەستەش گرنگی بە بواری وزە دەدرێت، ئێران خاوەنی سەرچاوە و یەدەکی زۆر باشی گازە لە کەنداوی فارس کە دەتوانێت بە هاوکارییەکی هاوبەش بکرێتە بەرژەوەندییەکی دوو لایەنە.
هەناردەی خزمەتگوزاریی تەکنیکی و ئەندازیاری
ئێران لە ئێستادا لە گەڵ 18 وڵاتی چواردەوری خۆی گرێبەستی هەناردەی خزمەتگوزارییەکانی تەکنیکی و ئەندازیاریی هەیە، لەم نێوەندەدا بە هۆی پەیوەندییە سیاسی، ئائینی، کەلتوری و کۆمەڵایەتییەکان پشکی عێراق زیاتر لە هەمووانە. بە وتەی ئەمینداری گشتی ژووری بازرگانی هاوبەشی ئێران و عێراق دەکرێت 5 ملیار دۆلار لە هەناردەی ئەم خزمەتگوزارییانە بۆ عێراق مسۆگەر بکرێت. ساڵی ڕابردوو گرێبەستی هەناردەی 4 ملیار دۆلاریی خزمەتگوزارییەکانی تەکنیکی و ئەندازیاری بۆ عێراق واژۆ کرا و بەم گرێبەستەش بەشێک لە کورتهێنانی هەناردەی ئێران بۆ عێراق قەرەبوو کرایەوە.
بە وتەی سەرۆکی گرووپی دۆستایەتی پەرلەمانیی ئێران و عێراق، دەکرێت لە بواری وزە و پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکان تا 50 ملیار دۆلار خزمەتگوزاری تەکنیکی و ئەندازیاری هەناردەی عێراق بکرێت.
هەناردەی خزمەتگوزاری تەکنیکی و ئەندازیاری ئێران بۆ عێراق ڕاستییەکە کە دەتوانێت دابینکردنی هەلی کاری بە دواوە بێت، لە ئەگەری پشتگوێخستنی ئەمەش وڵاتانی وەک فەرەنسا گۆڕەپانەکە کۆنتڕۆڵ دەکەن کە لە ماوەی ڕابردوو گرێبەستی 27 ملیار دۆلاریی بۆ پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی عێراق واژۆ کردووە./.