بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وەزارەتی بازرگانی ئەمریکا لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆی، کۆی گشتی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی لە گەڵ ئێران لە 5 مانگی سەرەتای ساڵی 2023 بە 22 ملیۆن و 400 هەزار دۆلار ڕاگەیاند.
ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لەم 5 مانگەدا بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی 2022 لە سەدا 5 گەشەی هەبووە. ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان هەر دوو وڵات لە 5 مانگی سەرەتای ساڵی ڕابردوو 21 ملیۆن و 200 هەزار دۆلار بووە.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە هەناردەی ئەمریکا بۆ ئێران لە مانگەکانی کانوونی دووەم تا ئایاری 2023 بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی 2022 لە سەدا 34 بەرزبوونەوەی هەبووە و گەیشتووەتە 21 ملیۆن و 900 هەزار دۆلار. هەناردەی ئەمریکا بۆ ئێران لە 5 مانگی سەرەتای ساڵی 2022 زیاتر لە 16 ملیۆن و 300 هەزار دۆلار بووە.
هاوردەی ئەمریکاش لە ئێران لە 5 مانگی سەرەتای ساڵی 2023 بە ڕێژەی نیم ملیۆن دۆلار بووە کە ئەم ڕێژەیە بەراورد بە هاوردەی 4 ملیۆن و 900 هەزار دۆلاریی ساڵی ڕابردوو لە سەدا 89 دابەزینی هەبووە.
ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا ڕێژەیەکی زۆر کەمی بازرگانی دەرەکی هەر دوو وڵات لە خۆ دەگرێت. ئێران لە 5 مانگی سەرەتای ئەمساڵ لە نێو ئامانجەکانی هەناردەی ئەمریکا لە پلەی 175 و لە نێو ئامانجەکانی هاوردەی ئەم وڵاتە لە پلەی 209 دا بووە.
لە مانگی ئایاری ئەمساڵ 4 ملیۆن و 300 هەزار دۆلار کاڵا لە ئەمریکاوە هەناردەی ئێران کرا و 200 هەزار دۆلاریش کاڵا لە ئێرانەوە هەناردەی ئەو وڵاتە کراوە. ئەمریکا لە مانگی ئایاری ساڵی ڕابردوو 2 ملیۆن و 700 هەزار دۆلار کاڵای هەناردەی ئێران کرد و بڕی 100 هەزار دۆلاریش کاڵای لەم وڵاتەوە هاوردە کرد./.