بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لوڕستان و ناوەندەکەی بە ناوی شاری خوڕەم ئاوا هێندە لە ڕووی گەشتیارییەوە گرنگن کە ناتوانرێت سەرجەم جوانییە سرووشتییەکان و ئاسەوارە مێژووییەکانی لێرەدا باس بکرێن. ئەم پارێزگایە بووەتە شوێنێکی دڵڕفێن بۆ گەشتیارانی ناوخۆیی و تەنانەت بیانی.
شاری خوڕەم ئاوا 490 کیلۆمەتر لە تارانی پایتەخت دوورە و لە بەر ئەوەی کە لە سەر ڕێگای تاران – باشوری ئێرانە، بووەتە یەکێک لە گرنگترین جەمسەرەکانی گەشتیاری لە پارێزگای لوڕستان و ساڵانە گەشتیارێکی زۆر سەردانی دەکەن. ئەویش بە هۆی مێژووی دەوڵەمەندی ئەم پارێزگایە و هەروەها بە هۆی کەشوهەوای تایبەتەوە. لوڕستان شوێنی مرۆڤە سەرەتاییەکان بووە و لە ئەشکەوتەکانیدا ئاسەوارێکی زۆری ئەو سەردەمانە دۆزراوەتەوە.
دەریاچەی کێو کە لە ڕیزی ئەو شوێنانەیە لە ئێران زۆرترین گەشتیار سەردانی دەکەن، لە ناوەڕاستی شاری خوڕەم ئاوادایە.
دەریاچەکە کەوتووەتە ناوەڕاستی شاری خوڕەم ئاوا و دۆزینەوەی زۆر ئاسانە و هەموو جۆرە خزمەتگوزارییەکیش لەو شوێنەدا دابین کراوە.
دەریاچەکە بە تەواوی سرووشتییە و هۆکارەکەشی کۆبوونەوەی ئاوی سرووشتی و ئاوی کانیاوەکانە. ئەم دەریاچەیە بە جۆرێک بووەتە ناسنامەی سرووشتی و مێژوویی شاری خوڕەم ئاوا./.