بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، یەکێک لە جوانترین و دڵڕفێنترین باخەکانی تاران، باخی نیگارستانە. لە نێو قەرەباڵغی پایتەختی ئێران و گەڕەکی بەهارستان دەتوانن بۆ ماوەیەکی زۆر ئەم باخە بکەنە شوێنی حەوانەوەی خۆتان و چێژ لە سرووشت و بیناکانی ناو باخەکە وەربگرن. مێژووی باخەکە بۆ سەردەمی قاجاڕ و دەسەڵاتی فەتحعەلی شا دەگەڕێتەوە. لە دەسکەوتەکانی ئەم شای قاجاڕە لە گەڵ باخی نیگارستان، دەتوانین ئاماژە بە باخی گوڵشەن، کۆشکی مانگ، کۆشکی فیرۆزە، کۆشکی زەڕ و کۆشکی ئابگینە بدەین.
ئەم باخە لە ساڵی 1222 ی کۆچی هەتاوی درووست کراوە و تێیدا کەڵک لە هونەری گەورە هونەرمەندانی ئێرانی و هەروەها کەسایەتییەکانی دیکەی ئەو سەردەمە گیراوە.
باخەکە لە ڕابردوودا زۆر گەورە بووە و بەشێک لە شوێنی مانەوەی دەسەڵاتدارانی ئەو سەردەمە بووە. لە قۆناغەکانی دواتردا باخەکە بەشێکی زۆری دەڕووخێت و ئەمەی ئێستای لێ ماوەتەوە، بە واتایەکی دیکە لە ڕوبەری 43 هەزار و 200 مەتری چوارگۆشەی پێشوو تەنیا 11 هەزار و 469 مەتری ماوە.
سەردەمێک لە ناوەڕاستی باخەکە حەمامێک هەبووە کە بە بەردی مەڕمەڕ ڕازابووەوە و دەوترێت کە قایمقام فەراهانی لە کەسایەتییە سیاسییەکانی ئەو سەردەمە لەو شوێنەدا کوژراوە. لە نێو ئەو هەموو بینایە کە لە باخی نیگارستانی سەردەمی قاجاڕ هەبووە، تەنیا بینایەکە بە ناوی ” حەوزخانە ” کە لە ئێستادا بووەتە مۆزەخانەی هونەرە نیشتمانییەکان.
لە سەردەمی فەتحعەلی شا و کاربەدەستانی دیوانی پاشایەتی، چەندین نەخش و نیگار بە جێماوە. لە سەردەمی پاشایەتی موزەفەرەدینی قاجاڕ یەکەم خوێندنگە بە سەرپەرشتی کەمال ئەلمولک لەو شوێنەدا درووست کرا و لە ساڵی 1307 ی کۆچی هەتاوی باخی نیگارستان کرایە شوێنکی زانستی بە ناوی شوێنی مامۆستایان.
بۆ گەیشتن بە باخی نیگارستان دەبێت سەردانی گەڕەکێکی کۆنی شاری تاران بکەن کە خۆی ئاسەواری کۆن و مێژوویی دیکەی لە دڵدا حەشار داوە. باخی نیگارستان کە بە ناوی کۆشکی نیگارستانیشەوە دەناسرێت، لە باکوری گۆڕەپانی بەهارستان و نزیک پەرلەمانی ئێرانە. بۆ گەیشتن بە نیگارستان دەبێت بگەنە گۆڕەپانی بەهارستان، شەقامی دانشسەرا، شەقامی شەریعەتمەدار.
باخی مۆزەخانەی نیگارستان هەموو ڕۆژێک لە کاتژمێر 9 ی بەیانی تا 6 ی ئێوارە بە ڕووی خەڵک و گەشتیاراندا کراوەیە.