بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەحمەد عەتاف وەزیری دەرەوەی جەزایر ئەمڕۆ شەممە 8 ی تەمموزی 2023 لە شاری تاران لە گەڵ حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران کۆبووە و پاشان هەر دوو وەزیر بەشدارییان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش کرد.
وەزیری دەرەوەی جەزایر لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا وتی کە بەرپرسانی باڵای هەر دوو وڵات ئیرادەیەکی بەهێزیان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی ئەم پەیوەندییانە لە سەرجەم بوارەکاندا هەیە.
ئەحمەد عەتاف وتی: لە کۆبوونەوەم لە گەڵ هاوتا ئێرانییەکەم دوایین ڕەوشی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و پرسە گرنگە نێودەوڵەتییەکانیش تاوتوێ کرا.
ناوبراو وتی کە ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی سێهەم کۆمیسیۆنی هاوبەش لە نێوان هەر دوو وڵاتدا دەکرێت.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لەو کۆبوونەوەدا وتی کە پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵات لە ڕاستە ڕێگای خۆیدایە و لە داهاتووشدا زیاتر پەرە بەم پەیوەندییانە دەدرێت.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی کە جەزایر موڵەتی ئەوەی نەدا کە ئەندامبوونی ڕژێمی زایۆنیستی وەک چاودێر لە یەکێتی ئەفریقا جێبەجێ بکرێت، هەروەها یەکێک لەو وڵاتانەیە کە پاڵپشتی لە گەلی فەڵەستین دەکات و ڕۆڵی گرنگیشی لە گەڕانەوەی سوریا بۆ کۆمکاری عەرەبی هەبووە و ئەم هەڵوێستانەش شیاوی ڕێزلێنانە./.