کاتێک دەڵێین هەواڵی ڕاگەیاندنی فەرمی ئەندامبوونی ئێران لە ڕێکخراوی شانگهای بۆ ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا، قورسە و بووەتە جێی نیگەرانی، دەزانین چی دەڵێین. ئەندامبوونی ئێران لەم ڕێکخراوە گرنگە نە تەنیا کاریگەریی لە سەر پووچەڵکردنەوەی سزا و گەمارۆکانی ئەمریکا لە دژی گەلی ئێران دەبێت، بەڵکوو دەتوانێت زاڵبوونی دۆلار بە سەر ئابوری ناوچەکە و جیهانیش ڕوبەڕوی کێشە بکاتەوە.
ئەمە هەمان ڕاستییە کە ژانگ مینگ ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی هاریکاری شانگهای لە وتارەکەی بە بۆنەی ئەندامبوونی فەرمی ئێران ئاماژەی پێدا. ناوبراو ئەندامبوونی ئێرانی لە ڕێکخراوی شانگهای وەک ڕووداوێکی مێژوویی ناو برد کە دەرفەتی نوێ بۆ پەرەپێدانی هاوکارییەکان لە بواری ئاسایش و سەقامگیری و پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان لە نێوان وڵاتانی ناوچەکە دابین دەکات.
میخائیل زوبۆف نووسەری ڕووس لە وتارێکدا ڕایگەیاندووە کە ڕۆڵی ڕێکخراوی هاریکاری شانگهای لە ئەنجامی ئەندامبوونی ئێران بەهێزتر دەبێت.
یڤگنی ساتانۆفسکی زانای سیاسی بە هەمان شێوە ڕایگەیاندووە کە ئێران وڵاتێکە کە زیاتر لە ڕووسیا و هەر وڵاتێکی دیکە ڕوبەڕوی سزا و گەمارۆکانی ڕۆژئاوا بووەتەوە، ئێمە دەتوانین کەڵک لە ئەزموونەکانی ئێران وەربگرین. ئێستا ئێران بە تەنیا نییە و بە ئەندامبوونی لە ڕێکخراوی شانگهای و ئاڵوگۆڕی بە دراوەکانی دیکەی دەرەوەی دۆلار، پێگەی خۆی لە بازرگانی دەرەکی بەهێزتر دەکات.
ڕێکخراوی هاریکاری شانگهای کە ئەندامەکانی لە سەدا 20 ی سەرچاوەکانی وزەی جیهانیان هەیە و 3 ملیار و 500 ملیۆن کەس لە حەشیمەتی جیهان لە وڵاتانی ئەندام لەم ڕێکخراوەدا نیشتەجێن و چین و ڕووسیاش لە ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتین، تێیدا ئەندامن و ئەندامبوونی ئێرانیش دەتوانێت کێشە بۆ دۆلار بخوڵقێنێت.
بە هۆی توانا و ئیمکانیات و پێگەی جوگرافی ئێران، ئەندامبوونی لە ڕێکخراوی شانگهای نە تەنیا لە بەرژەوەندی ئەم وڵاتەیە، بەڵکوو وڵاتانی ناوچەکە و تەنانەت جیهانیش لێی سوودمەند دەبن. ئێران ئەندامی ڕێڕەوی نێودەوڵەتی باکور – باشورە لە گەڵ ڕووسیا و چین کە باشور بە باکور و ڕۆژهەڵات بە رۆژئاوا و باکوری ڕۆژهەڵات بە باکوری ڕۆژئاوا دەبەستێتەوە. ئەم پێگە جەگرافییە دەرفەتێکی داوەتە ئێران کە ببێتە ناوەندێکی گرنگی ناردنی کاڵا بۆ ئەفریقا و وڵاتانی دیکە. ئێران ڕێگای وشکانی و دەریایی لە گەڵ چین هەیە و دەتوانێت چین بە باکوری ئەورووپاوە ببەستێتەوە و هەروەها ڕووسیا، قەفقاز، دەریای ڕەش و ئەورووپای ناوەڕاست بە ڕێڕەوی نێوان باکور و باشورەوە ببەستێتەوە.
ڕێگای ئێران چ لە هیندستانەوە بۆ ڕووسیا یان لە چینەوە بۆ ڕووسیا و وڵاتانی عەرەبی دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەم وڵاتانە پێویستیان بە نۆکەندی سویس نەبێت، لە بەر ئەوەی کە ئەوان لە ماوەیەکی کەمتر لە 17 تا 22 ڕۆژ دەگەنە وڵاتانی مەبەستی خۆیان.
ئێران لە ڕێگای ئەندامبوونی لە ڕێکخراوی شانگهای دەتوانێت پێداویستییەکانی لە وڵاتانی ئەم ڕێکخراوەوە دابین بکات، هەروەها دەتوانێت بە بێ پێویستی بە وڵاتانی ڕۆژئاوا لەم ڕێکخراوەدا وەبەرهێنانی هاوبەش بکات. وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی شانگهای خاوەنی بازاڕێکی 7 تریلیۆن دۆلارین و ئێران دەتوانێت بە هۆی تواناکانیەوە لەم بازاڕەدا چالاکانە دەرکەوێت.
شارەزایان لەو بڕوایەدان کە ئێران لە قۆناغی یەکەمی ئەندامبوونی لە ڕێکخراوی شانگهای دەتوانێت بگاتە گەشەی بازرگانی لە سەدا 20 و لە قۆناغەکانی داهاتووش ئەم ڕێژەیە زیاتر بکات.
ئامانجەکانی ئێران لە گەڵ زۆربەی وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی شانگهای هاوبەشە، بە تایبەت دژایەتیکردنی بوونی سەربازیی وڵاتانی بێگانە لە ناوچەکە و بەرگری لە ئاسایشی نیشتمانی لە ئاسیای ناوەڕاست و ناوچەی دەریای خەزەر و ڕوبەڕوبونەوەی ئەو دۆخەی کە بە هۆی دەستێوەردانی سەربازیی ئەمریکا لە ئەفغانستان، عێراق و سوریا هاتووەتە پێشەوە، هەروەها بۆ ڕوبەڕوبونەوەی سیاسەتی زاڵمانە و تاکلایانەی ئەمریکا لە سزادانی گەلان و وڵاتانی خاوەن سیاسەتی سەربەخۆ./.