بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەحمەد وەحیدی وەزیری ناوخۆی کۆماری ئیسلامی ئێران و عەبدولئەمیر شمەری وەزیری ناوخۆی عێراق ئەمڕۆ شەممە 8 ی تەمموزی 2023 لە دەروازەی سنوریی زەرباتیە لە پارێزگای واست کۆبوونەوە.
سەردانەکەی وەزیری ناوخۆی ئێران بۆ عێراق بە مەبەستی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ئەمنیی نێوان هەر دوو وڵات بووە.
لەو کۆبوونەوەدا دوایین هاوئاهەنگی ئەمنیی هاوبەش، کۆنتڕۆڵکردنی سنورەکان و ئامادەیی بۆ پێشوازی لە زیارەتکارانی ئێرانی لە ڕێوڕەسمی چلەی شەهیدبوونی ئیمام حوسێن (ع) تاوتوێ کرا.
زەرباتیە یەکێک لە دەروازە سنورییە گرنگەکانی عێراقە کە ساڵانە پێشوازی لە ملیۆنان زیارەتکاری ئێرانی دەکات.
ئەم دەروازە سنورییە لە گەڵ شاری مێهران لە پارێزگای ئیلام لە ئێران هاوسنورە و لە 150 کیلۆمەتری شاری بەغدایە./.