بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەلی دەعموش جەختیکردەوە کە ڕژێمی زایۆنیستی لە تاوانەکەی ئەمجارەی بۆ هێرشکردنە سەر کەمپی جنین لە کەرتی خۆرئاوای فەڵەستین، لە گەیشتن بە ئامانجە ئاشکرا و نهێنییەکانی شکستی هێنا.
ناوبراو وتی: ڕژێمی زایۆنیستی جارێکی دیکە لە بەرامبەر خۆڕاگریی گەلی فەڵەستین لە کەمپی جنین شکستی هێنا و ئەمەش لە ئاکامی هەوڵ و تێکۆشانی هێزەکانی خۆڕاگری بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هێزەکانی دوژمن بووە.
ئەو بەرپرسەی حزبوڵڵا بە ئاماژە بە هێز و کاریگەریی خۆڕاگری لە ڕوبەڕوبونەوەی دوژمنی زایۆنیستی، وتی: جنین وەک قەڵا پۆڵاییەکەی خۆڕاگری لە کەرتی خۆرئاوای فەڵەستین دەمێنێتەوە و دوژمن ناتوانێت ڕیشەکێشی بکات.
عەلی دەعموش وتی: ئەمریکا لە دژی بەرژەوەندی گەلانی ئیسلامی هەنگاو دەنێت و هیچ جیاوازییەک لە نێوان شێعە، سوننە، عەرەب، کورد، فارس، ئێزدی و …. نابینێت.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری حزبوڵڵا وتی: ئەمریکا چیدی ناتوانێت لە ڕێگای سزا و گەمارۆکانەوە بە ئامانجەکانی بگات و پرۆژەکەی لە ناوچەکە لاوازبووە و بەرەو لەناوچوون دەڕوات.
ناوبراو لە کۆتاییدا وتی: ئەو نزیکبوونەوەی کە لە ئێستادا لە نێوان وڵاتانی ناوچەکە دەبینرێت، پیشان دەدات کە سەرجەم پیلان و نەخشەکان بۆ دابەشکردنی گەلان و وڵاتان بە پێی پرسە مەزهەبی و نەتەوەیی و حزبییەکان شکستی هێناوە و هەوڵەکانی ئەمریکا سەبارەت بە فەڵەستین شکست دێنێت و بەرەی خۆڕاگری بە هەموو توانایەکەوە پاڵپشتی لە فەڵەستین دەکات./.