بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نەزال قەبلان باڵیۆزی پێشووی سوریا لە ئەنکەرە وتی کە بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە تەنیا لە پاش ڕێکەوتن لە سەر مەرجە سەرەکییەکان کە گرنگترینیان کشانەوەی تورکیایە لە خاکی سوریا، لە گەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کۆدەبێتەوە.
پێشتر بەشار ئەسەد لە مانگی ئازاری ڕابردوو جەختی لەوە کردبووە کە کۆبوونەوەی لە گەڵ ئەردۆغان بەندە بە کشانەوەی تەواوی هێزەکانی تورکیا لە خاکی سوریا، ڕاگرتنی پاڵپشتییەکانی ئەنکەرە لە تیرۆریزم و گەڕانەوەی دۆخەکە بۆ پێش شەڕی دژ بە سوریا.
قەبلان بە ئاژانسی سپۆتنیک ی ڕاگەیاند کە بڕیاری کۆتایی لای حکومەتی تورکیا و ئەردۆغانە کە دەبێت لە ناوچە داگیرکراوەکانی سوریا لە باکور و باکوری ڕۆژئاوا بکشێتەوە و ئەمەش مەرجی سوریایە و دانوستانی لە سەر ناکرێت.
ئەو بەرپرسەی پێشووی سوریا بە ئاماژە بەوەی کە هیچ بەرەوپێشچوونێکی جیدی لە ڕەوتی ئاشتەوایی نێوان سوریا و تورکیا بەدی نەکراوە، وتی: لێدوانی بەرپرسانی ڕووسیا سەبارەت بە نەخشەڕێگا دەتوانێت وەک بنەمایەک سەیر بکرێت بەڵام دەستپێکردنی دانوستانەکان بە بێ هەڵگرتنی هەنگاوی کرداریی تورکیا بۆ دەستەبەرکردنی پابەندبوونی بە داواکارییەکانی سوریا ناکرێت و یەکەم هەنگاویش کشانەوەی تورکیایە لە ناوچە داگیرکراوەکانی سوریا.
باڵیۆزی پێشووی سوریا لە ئەنکەرە سەبارەت بە هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغان و دەستنیشانکردنی هاکان فیدان وەک وەزیری دەرەوەی تورکیا، وتی کە دەستنیشانکردنی فیدان هەنگاوێکی ئەرێنی و بەهێزە بۆ ئاسانکاری لە بڕیارەکانی داهاتوو بە تایبەت پەیوەندیدار بە دۆسیەی تورکیا و سوریاوە.
نزال قەبلان وتی کە کشانەوەی تورکیا لە سوریا بە مەرجی دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی هەر دوو وڵات دادەنرێت و بە بێ هەڵگرتنی ئەم هەنگاوە، زیندووکردنەوەی پەیوەندییەکان ڕوو نادات.
ناوبراو ئاماژەشی بە چەندین مەرجی دیکە دا و وتی: ڕاگرتنی پاڵپشتییەکانی تورکیا بۆ گرووپە تیرۆریستییەکان، کردنەوەی دەروازە سنورییەکانی نێوان هەر دوو وڵات و کۆنتڕۆڵکردنەوەی ڕێگای ستراتیژیی M4 لە لایەن سوریاوە، چەندین مەرجی دیکەی سەرەکین بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و ئەنکەرە./.