بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە چاوپێکەوتنی ئەحمەد عەتاف وەزیری دەرەوەی جەزایر، وێڕای ستایشکردنی خەبات و خۆڕاگری مێژوویی گەلی جەزایر لە بەرامبەر ڕەوتی ستەمکاری جیهانی، جەختی لە سەر ئیرادەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ پەرەپێدانی هاوکارییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکارییەکان لە گەڵ ئەم وڵاتە کردەوە.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی پەیوەندییەکانی ئێران و جەزایری بە پەیوەندیی دوو وڵاتی دۆست، برادەر و موسڵمان ناو برد کە دەتوانێت بە پێی هەڵوێستی نزیک و هاوبەشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی هەر دوو لا لە بوارە جیاجیاکان بە تایبەت لە بواری ئابوری و بازرگانی بێت.
ناوبراو بە ئاماژە بە دەسکەوت و تواناکانی ئێران لە بواری زانستی و تەکنۆلۆژیایی، ئامادەیی ئەوەی ڕاگەیاند کە ئەم ئەزموون و دەسکەتانە لە گەڵ وڵاتی جەزایر ئاڵوگۆڕ بکرێت و وتی: ئەگەر وڵاتانی ئیسلامی پێکەوە هاوکاری بکەن و وەک ئێران و جەزایر پاڵپشتی لە گەلی فەڵەستین بکەن، کۆتایی بەم هەموو زوڵم و دەسدرێژییەی ڕژێمی زایۆنیستی دێت.
هەر لەو چاوپێکەوتنەدا ئەحمەد عەتاف وەزیری دەرەوەی جەزایر وێڕای گەیاندنی سڵاوی گەرمی سەرۆک کۆماری وڵاتەکەی بە ئایەتوڵڵا ڕەئیسی، بە ئاماژە بە وتوویژی تەلەفوونیی هەر دوو سەرۆک کۆمار، وتی: بەڕێز عەبدولمەجید تەبون لە چوارچێوەی هەمان وتووێژدا منی ڕاسپاردووە تا ئیرادە و ئامادەیی جەزایر بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە بەرزترین ئاستدا ڕابگەێنم.
وەزیری دەرەوەی جەزایر دەسکەوتەکانی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بەرز نرخاند و وتی: ئاستی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانی نێوان جەزایر و ئێران هاوشانی پەیوەندییە سیاسییەکان نییە بەڵام بە هەوڵی هەر دوو سەرۆک کۆمار گۆڕانکاری لە پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانیش ڕوو دەدات./.