بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بە هۆی بەردەوامی ناڕەزایەتی و توندووتیژییەکانی فەرەنسا کە زیانێکی زۆری بە دامەزراوەکان، موڵک و ماڵی گشتی و کەرتی تایبەت لە پاریس و چەند شارێکی دیکە گەیاندووە، کەرتی گەشتیاریی ئەم وڵاتە بە تایبەت لەم وەرزەدا ڕوبەڕوی زیانێکی قورس بووەتەوە.
میدیاکانی فەرەنسا ڕایانگەیاندووە کە داهاتی کەرتی گەشتیاری لە ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 58 ملیار یۆرۆ بووە بەڵام لە ئێستادا ئەم کەرتە بە هۆی کاریگەری خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانەوە تووشی کارەسات دەبێت.
ناڕەزایەتییەکانی فەرەنسا بووەتە هۆی ڕاگرتنی زۆربەی ئاهەنگ و بۆنەکان و هەروەها کەرتی گواستنەوەی گشتی لە بەشێک لەم وڵاتە داخراوە و ئەمەش وایکردووە کە خەڵک لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوە سەردانەکان ڕابگرن.
سەرۆکی یەکێتی هوتێلدارەکانی فەرەنسا ڕایگەیاندووە کە زیانێکی ڕاستەوخۆی زۆر بەر پیشە و کارەکانی پەیوەندیدار بە کەرتی گەشتیارییەوە کەوتووە.
زۆربەی یەکێتییە ئابوری و بازرگانییەکانی فەرەنسا لە سەر کاریگەرییەکانی ئەم دۆخە هۆشدارییان داوە. بەشێکی زۆر لە شوێنە گشتییەکان سووتاون، بە تایبەت ڕێستورانتەکان و ناوەندەکانی کڕین لە شارە گەورەکانی وەک پاریس.
ڕۆژنامەی لۆمۆند ڕایگەیاندووە کە زۆربەی هوتێل و ڕێستورانتەکان لە پاریس و شارە گەورەکانی فەرەنسا داخراون./.