بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وەزارەتی دارایی ئەرجەنتین ڕایگەیاند کە ئەم وڵاتە دوایین قیستی قەرزە 44 ملیار دۆلارییەکەی سندۆقی نێودەوڵەتی دراوی بە یوانی چین داوەتەوە.
گابرێلا سروتی وتەبێژی حکومەتی ئەرجەنتین ڕایگەیاندووە کە دانەوەی قەرزەکان بە بێ بەکارهێانی یەدەکی دۆلاریی بانکی ناوەندی کراوە.
ئاژانسی بلۆمبێرگ ڕایگەیاندووە کە ئەرجەنتین بۆ دانەوەی ئەم 2 ملیار و 700 ملیۆن دۆلارە لە ڕێگەی یەک ملیار دۆلار یوان لە ڕێکەوتنی دراوی لە گەڵ چین و یەک ملیار و 700 ملیۆن دۆلار یەدەکی مافی بەکارهێنانی تایبەت، کەڵکی وەرگرتووە.
ئەرجەنتین بۆ ماوەیەک بە هۆی کێشە داراییە ناوخۆییەکانەوە کە یەدەکی دۆلاریی ئەم وڵاتە دابەزاند، تووشی قەیران بوو و ئێستا یەدەکی دۆلاریی لە نزمترین ئاستدایە.
هەر بۆیە بەرپرسانی ئەم وڵاتە وەک جێگرەوەیەکی دانەوەی قەرزەکان ڕوویان هێناوەتە دراوەکانی وەک یوانی چین.
ئەرجەنتین لە سەرەتای ساڵی 2023 ڕێکەوتنی خۆیی لە گەڵ چین بۆ بەکارهێنانی دراوی ئەو وڵاتە بە بڕی 130 ملیار یوان (نزیکەی 18 ملیار دۆلار) درێژ کردەوە و ئەمەش بووە هۆی دەسکەوتنی ئازادی دراوی چین لە ئەرجەنتین.
بانکی ناوەندی ئەرجەنتین مانگی ڕابردوو ڕایگەیاند کە دەیەوێت موڵەتی کردنەوەی حسێب بە یوانی چین بە خەڵک بدات تا هانی کۆمپانیا ناوخۆییەکان بدات دانەوەی پارەکانیان لە دەرەوە بە دراوی چین بێت.
سرجیۆ ماسا وەزیری دارایی ئەرجەنتین لە مانگی نیسان ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی دەیەوێت بەشێکی زۆری هاوردەی مانگانەی لە چین لە جێی دۆلار بە یوان جێبەجێ بکات. چین لە ئێستادا دووەم هاوبەشی بازرگانی ئەرجەنتین و دووم ئامانجی گەورەی هەناردەی ئەم وڵاتەیە./.