بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دەروازەی سنوریی شۆشمێ ڕۆژی سێ شەممە 27 ی حوزەیرانی 2023 بە ئامادەبوونی پارێزگارانی کرماشان و هەڵەبجە و ژمارەیەک لە کەسایەتی و بەرپرسانی هەر دوو پارێزگا بە فەرمی بە ڕووی گەشتیاراندا کرایەوە و ئەمەش کاردانەوەیەکی ئەرێنیی زۆری لە هەر دوو کۆمەڵگای کرماشان و هەڵەبجەدا لێکەوتەوە و خەڵک بە گەشبینییەوە لە داهاتووی ئەم هەنگاوە گرنگە دەڕوانن.
پێشتر دەروازەی سنوریی شۆشمێ بۆ هاتووچۆی گەشتیاری نەبووە و دانیشتووانی پارێزگاکانی کرماشان و هەڵەبجە بۆ سەردانیکردنی ئێران و هەرێمی کوردستان لە ڕێگای دەروازەکانی باشماخ و پەروێزخانەوە هاتووچۆیان دەکرد کە بەدەر لە دوور و درێژیی ڕێگاکان، لە ڕووی تێچووشەوە بارگرانییەکی زۆری دەخستە سەر ئەوان.
بە کردنەوەی دەروازەی سنوریی شۆشمە هیوایەکی 40 ساڵەی دانیشتووانی پارێزگای کرماشان بە تایبەت ناوچەی هەورامان مسۆگەر بوو و ئەوان دەتوانن لە ماوەیەکی کەم و بە تێچوویەکی کەمەوە سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن و ئەمەش بۆ خەڵکی پارێزگای هەڵەبجە بە هەمان شێوە دەبێت.
پارێزگاری کرماشان: کردنەوەی ئەم دەروازە سنورییە خزمەتێکی زۆر باش دەبێت
پارێزگاری کرماشان لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی دەروازەی سنوریی شۆشمێ وتی کە ئەم ڕووداوە دیارییەکی زۆر باشە بۆ گەلانی ئێران و عێراق و لە ڕووی ئابوری، کۆمەڵایەتی و کەلتوری و تەنانەت سیاسییەوە خزمەتی ناوچەکە دەکات.
محەممەد تەیب سەحرایی وتی: کردنەوەی ئەم دەروازە سنورییە دەبێتە هۆی پتەوبوونی برایەتی نێوان گەلانی ئێران و عێراق بە تایبەت ناوچەکانی هەورامان و هەڵەبجە و لە داهاتوویەکی نزیکدا ئیمکانیاتی هەر دوو دیوی سنورەکەش زیاتر دەبێت.
ناوبراو وتی: دانیشتووانی ئەم ناوچەکە چەندین سەدەیە پێکەوە بە برایەتی ژیاون بەڵام بەداخەوە ماوەیەک بە پیلانی دوژمنان هاتووچۆی ئەم سنورە ڕاگیرا بەڵام ئەمڕۆ بە لەناوچوونی دوژمنان بەستێنی هاتووچۆ، ئاڵوگۆڕی کاڵا و بەرهەمەکان لەم سنورەوە دابین کراوە.
پارێزگاری هەڵەبجە: کوردانی عێراق میوانداری ئێرانییەکان لەبیر ناکەن
پارێزگاری هەڵەبجەش لەو ڕێوڕەسمەدا وتی کە عێراقییەکان هیچ کات میوانداری خەڵکی ئێران لە ساڵانی شەڕدا لەبیر ناکەن.
ئازاد تۆفیق وتی کە خەڵکی هەڵەبجە بە هۆی شەڕ و لە قۆناغە جیاجیاکاندا بە ناچار بەرەو ئێران کۆچیان کردووە و هەموو کات لە لایەن ئێرانییەکانەوە پێشوازییان لێکراوە.
ناوبراو وتی: هیوادارین بە کردنەوەی ئەم دەروازە سنورییە بەستێنی زیاتربوونی پەیوەندییەکانی هەر دوو لا لە بوارەکانی ئابوری، بازرگانی، کەلتوری و کۆمەڵایەتی دابین بکرێت.
نوێنەری پاوە و هەورامان لە پەرلەمانی ئێران: کردنەوەی دەروازەی سنوریی شۆشمێ داوایەکی ڕەوای خەڵکی ناوچەکە بووە
نوێنەری ناوچەی پاوە و هەورامان لە پەرلەمانی ئێرانیش ڕایگەیاند کە کردنەوەی ئەم دەروازە سنورییە، داوایەکی ڕەوا و چەندین ساڵەی خەڵکی ناوچەکە بووە و ئەم ڕووداوەش ڕۆڵی گرنگی لە گەشەی ئابوری ناوچەکە و تەنانەت پارێزگای کرماشان بە گشتی دەبێت.
ئارەش لهۆنی وتی: ناوچەی هەورامان لە ڕووی ئەمنییەوە لە ناوچە پلە یەکەکانی ئێرانە و خەڵکی ناوچەکە بە هەزاران شەهیدیان بۆ پاراستنی ئاسایشی ئەم خاکە بەخشیوە.
پەیوەندییە گەشتیارییەکان زیاتر دەبێت
سەرپەرشتیاری بەڕێوەبەرایەتی میراتی کەلتوری، پیشەسازی دەستی و گەشتیاریی پارێزگای کرماشانیش وتی کە بۆ پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری دەبێت کەڵک لە سەرجەم تواناکانی پارێزگاکە وەربگیرێت.
داریوش فەرمانی وتی: گرنگی بە پەیوەندی چالاکوانانی کەرتی گەشتیاری لە نێوان پارێزگای کرماشان و هەرێمی کوردستان دەدەین و هیوادارین ئەم ڕووداوە بگاتە ڕاکێشانی ژمارەیەکی زیاتر لە گەشتیاران بۆ پارێزگای کرماشان./.