بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەبدولغەنی محەممەد عەزیمۆف شرۆڤەکاری سیاسی لە وڵاتی تاجیکستان ڕایگەیاندووە کە ئێران لە 4 ی تەمموزی 2023 کە هاوکاتە لە گەڵ ساڵڕۆژی سەربەخۆیی ئەمریکا، بە فەرمی دەبێتە ئەندامی ڕێکخراوی هاریکاری شانگهای.
سەربەخۆیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە 4 ی تەمموزی ساڵی 1776 ڕاگەێندرا.
عەزیمۆف ڕایگەیاندووە کە دەستنیشانکردنی ڕۆژی 4 ی تەمموزی 2023 بۆ بەفەرمیکردنی ئەندامێتی ئێران لە ڕێکخراوی شانگهای ڕووداوێکی ئاسایی نییە، بەڵکوو دیارییەکی چاوەڕواننەکراوی ڕووسیا و چین بۆ ڕکابارەکەیان بە ناوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەبێت.
ناوبراو ڕایگەیاند: سەردانەکەی نانسی پلۆسی بۆ تایوان بە لای چینەوە قبووڵنەکراو بووە و پەکین بە ئاشکرا ناڕەزایەتی خۆیی دەربڕی و وەرگرتنی ئەندامێتی ئێران لە شانگهای و لە ڕۆژی سەربەخۆیی ئەمریکا، وەڵامی چینە بۆ ئەو بێڕێزییەی دەسەڵاتدارانی واشنتن.
ڕاشیگەیاندووە کە ئەندامبوونی ئێران لە ڕێکخراوی شانگهای هێمایەکی ڕوونی گۆڕانکارییە لە هاوسەنگی هێز لە ناوچەکە و جیهان و پێگەی ڕووسیا و چین لە کێبڕکێ لە گەڵ ئەمریکا و ناتۆ بەهێزتر دەکات. پێشتر ڕووسیا و چین هێندە بە بایەخەوە هەوڵی ئەندامبوونی ئێرانیان نەدەدا بەڵام لە پاش زیاتربوونی ئاڵۆزییەکان لە گەڵ واشنتن و ئاشکرابوونی ناکۆکییەکان، ئەم پرۆسەیە بە خێرایی جێبەجێ کرا.
عەبدولغەنی عەزیمۆف ڕایگەیاند: چین بە هەنگاوێک ئێران و سعوودیەی بە ساڵانێک ناکۆکی و ئاڵۆزی لە جیهانی ئیسلام، گەیاندە ڕێکەوتنی ئاشتی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان. سعوودیەش بەرەو ئەندامبوون لە شانگهای دەڕوات، هەروەها وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە کە لە هاوپەیمانەکانی ئەمریکان و تەنانەت تورکیا وەک ئەندامێکی ناتۆ داوای ئەندامبوونیان لە ڕێکخراوی هاریکاری شانگهای کردووە./.