بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دانیشتووانی ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین، ڕۆژی شەممە 1 ی تەمموزی 2023، بۆ بیست و شەشەمین هەفتەی بەردەوام لە شەقامی شارە جیاجیاکاندا لە دژی بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی کاتیی زایۆنیستی خۆپێشاندانیان کرد.
خۆپێشاندانەکە لە کاتێکدا بووە کە ئەڤیگدۆر لیبەرمەن وەزیری دەرەوەی پێشووتری ڕژێمی زایۆنیستی سەبارەت بە پلانی نوێی نتانیاهۆ هۆشداریی داوە.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە نتانیاهۆ کۆنتڕۆڵی بە سەر کابینەکەیەوە نەماوە و ویستی ئەوەی هەیە کە لە هێزە ئەمنییەکان بۆ مسۆگەرکردنی ئامانجەکانی کەڵک وەربگرێت.
سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی پرۆژەیەکی بۆ کەمکردنەوەی هێز و ڕۆڵی دەزگای داد لەو ڕژێمە پێشکەش بە پەرلەمان کردووە کە بە دیاریکراوی داوای کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی دادگای باڵای ئەو ڕژێمە دەکات. ئەمەش ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی زایۆنیستەکانی بە دواوە بووە. نەیارانی نتانیاهۆ دەڵێن کە ناوبراو بەم پرۆژەیە دەیەوێت لە بەرامبەر تۆمەت و دۆسیەکانی گەندەڵی پارێزراو بێت./.