کوژرانی نائیل ی تەمەن 17 ساڵە بە بێ هیچ هۆکارێک بووە و پۆلیسی فەرەنسا وەک حاڵەتەکانی هاوشێوەی ڕابردوو، ڕایگەیاندووە کە ئەو گەنجە گوێی بە فەرمانی ڕاوەستانی لە لایەن پۆلیس نەداوە.
ئاشکرایە کە ئەمە نابێتە هۆکاری کوشتنی گەنجێک، گرنگینەدان بە فەرمانی ڕاوەستانی پۆلیس نابێتە پاساوی کوشتنی کەسێک، بە تایبەت ئەوەی کە دۆخی ئەمنی فەرەنسا هێندە خەراپ نییە کە وەک پاساوی کوشتنی ئەو گەنجە باس بکرێت.
بە دڵنیاییەوە کە ئەگەر کەسێک سپی پێست دەبوو، پۆلیس تەقەی لێنەدەکرد، تەنانەت ئەگەر گرنگیی بە فەرمانەکەی پۆلیس نەدەدا، لە بەر ئەوەی کە ڕەنگی پێستەکەی هەڵسووکەوتی پۆلیسی فەرەنسای دیاری کردووە. بە پێی ئاماری میدیاکانی فەرەنسا، پۆلیسی ئەو وڵاتە لە ساڵانی 2020، 2021 و 2022 ی زائینی 18 کەسی لە حاڵەتی هاوشێوەدا کوشتووە کە زۆربەیان ڕەشپێست یان بە ڕەگەز عەرەب بوون.
هیچ پاساوێک بۆ تاوانەکەی پۆلیسی فەرەنسا بوونی نییە، تەنیا ڕەگەزپەرستی پۆلیس و یاساکانی ئەو وڵاتە نەبێت، ئەو سیاسەتەی کە دژ بە ڕەشپێستەکان و موسڵمانان لە لایەن پۆلیسی فەرەنساوە جێبەجێ دەکرێت.
ئەگەر تاوانەکەی پۆلیسی فەرەنسا لە وڵاتێکی عەرەبی یان ئیسلامی و بە تایبەت لە وڵاتانی دژبەری سیاسەتەکانی ڕۆژئاوا ڕووی دەدا، ئایا وڵاتانی ڕۆژئاوا بێدەنگ دەبوون؟ یان ئەوەی کە ئاڵای مافی مرۆڤیان دیسانەوە بۆ مسۆگەربوونی ئامانجەکانیان هەڵدەکرد و سەرجەم هەوڵ و تواناکانی خۆیان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەکار دەهێنا تا سزا، گەمارۆ، شەڕی دەروونی و تەنانەت هەڕەشەش لە سەر ئەو وڵاتە جێبەجێ بکەن. ئەمەش تەنیا بۆ گەیشتن بە ئامانجە دیاریکراوەکانی خۆیانە نەک ئەوەی کە گرنگی بە مافی مرۆڤ بدەن./.