بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە نوێترین ڕاپۆرتی فەرمانگەی زانیاری وزەی ئەمریکادا سەبارەت بە داهاتی نەوتیی ڕێکخراوی ئۆپێک هاتووە کە کۆی گشتی داهاتی ئێران لە 5 مانگی یەکەمی ساڵی 2023، 19 ملیار دۆلار بووە و ئەمەش لە سەدا 6.48 ی کۆی گشتی داهاتی ئۆپێک لە خۆ دەگرێت.
بە پێی ئەو ڕاپۆرتە، 13 ئەندامی ڕێکخراوی ئۆپێک لەم 5 مانگەدا 293 ملیار دۆلار داهاتیان هەبووە.
ئێران لە ڕووی داهاتەوە لە نێو 13 ئەندامەکەی ئۆپێک پلەی چوارەمی هەبووە. سعوودیە بە 101 ملیار دۆلار لە پلەی یەکەم و عێراق و ئیماراتیش هەر یەک بە 41 ملیار دۆلار لە پلەی دووەم و کوێتیش بە 32 ملیار دۆلار داهاتی نەوتی لە پلەی سێهەمدا بووە.
ئەو دامەزراوە ئەمریکییە ڕایگەیاندووە کە ئێران لە ساڵی 2021 کۆی گشتی داهاتە نەوتییەکانی 37 ملیار دۆلار بووە کە لە ساڵی 2022 بۆ 54 ملیار دۆلار بەرز بووەتەوە و ئەمەش بە واتای بەرزبوونەوەی 17 ملیار دۆلاریی داهاتی ئێرانە.
خەمڵاندنەکانی فەرمانگەی زانیاری وزەی ئەمریکا پیشان دەدات کە داهاتە نەوتییەکانی ئێران لە ساڵی 2023 بە هۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە بۆ 46 ملیار دۆلار دادەبەزێت.
سەرجەم ئەندامانی ڕێکخراوی ئۆپێک لەمساڵدا ڕوبەڕوی ئەم دابەزینە دەبنەوە و کۆی گشتی داهاتەکانی ئۆپێک لە ساڵی 2023 بۆ 681 ملیار دۆلار دادەبەزێت.
داهاتی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت لە ساڵی ڕابردوو 888 ملیار دۆلار بووە. داهاتی ئۆپێک لە ساڵی 2021 زیاتر لە 576 ملیار دۆلار بووە کە لە ساڵی 2022 ئەو ڕێژەیە گەیشتە 888 ملیار دۆلار.
جەزایر 12 ملیار دۆلار، ئەنگۆلا 13 ملیار دۆلار، کۆنگۆ 3 ملیار دۆلار، گابۆن 2 ملیار دۆلار، لیبیا 12 ملیار دۆلار، نایجڕیا 12 ملیار دۆلار و ڤەنزوێلا 4 ملیار دۆلار لە 5 مانگی یەکەمی ساڵی 2023 داهاتی نەوتییان هەبووە./.