بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە کاتێکدا کە زۆربەی وڵاتان بە نیگەرانییەوە لە ڕەوشی ئەمنی ئەفغانستان دەڕوانن، زەبیحوڵڵا موجاهید وتەبێژی تاڵیبان جارێکی دیکە جەختیکردەوە کە لە ئەفغانستاندا هیچ ناسەقامگیرییەک نییە و دەسەڵاتی تاڵیبان کۆنتڕۆڵی تەواوی لە دەستدایە.
ناوبراو داعشی بە هەڕەشە ناو نەبرد و وتی کە ئەم گرووپە میراتی بەجێماوی داگیرکاریی ئەمریکایە لە ئەفغانستان کە لە ئێستاشدا چالاکی وەهای نییە و بەرەو لەناوچوون دەڕوات.
زەبیحوڵڵا موجاهید وتی: لە ئەفغانستان هیچ کێشەیەکی ئەمنی و ناسەقامگیرییەک بوونی نییە و داعش هیچ هەڕەشەیەک لە سەر ئەفغانەکان نییە و ئیمارەتی ئیسلامی کۆنتڕۆڵی تەواوی بە سەر بارودۆخەکەدا هەیە.
ناوبراو وتی کە ئەفغانستان هەڕەشە لە سەر هیچ وڵاتێک نییە، وڵاتانی ناوچەکە و جیهانیش دەبێت بزانن کە سەقامگیری لە ئەفغانستان جێگیر کراوە و یەک دەسەڵاتی تێدا هەیە.
وتەبێژی تاڵیبان لە ڕوونکردنەوەی ستراتیژی ئەمنی ئەم گرووپەش وتی کە خاکی ئەفغانستان نابێتە هەڕەشە لە سەر هیچ وڵاتێک و داوای شەڕ لە هیچ وڵات و ناوچەکەدا ناکات و بەردەوام جەختیشی لە سەر ئاسایش و سەقامگیری بەردەوام لە ناوچەکەدا کردووەتەوە./.