بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئازارەکانی ئەژنۆ لە گەنجاندا بە ناوی کۆنیشانەی کڵاوەی ئەژنۆ و ئێسکی ڕان یان Patelofemoral Pain syndrome دەناسرێت.
دکتۆر هەڤین کەمال شامحەممەد پسپۆڕ لە زانستی ئازار و بەنج نیشانەکان و چارەسەری ئەم گرفتەی خستووەتەڕوو.
نیشانەکان:
ئازار:
بوونی ئازار لە بەشی پێشەوەی ئەژنۆ و لە دەور و پشتی کڵاوەی ئەژنۆدا، هەندێک جار زۆر تیژە و هەموو جوڵەیەک ئازارەکە زیاد دەکات وەک ڕۆیشتن و سەرکەوتن و هاتنەخوارەوەی پلیکانە. هەندێک جاریش بوونی ئازارێکی کەمی وەڕسکەرە. بۆ نموونە پاش دانیشتن بۆ ماوەیەکی زۆر. هەندێک جار ناتوانیت ئەژنۆت بنوشتێنیتەوە و یان سکوات بکەیت، بە ڕاکردن لەوانەیە زیاد بکات، زۆر جار لە پاش وەرزش درووست دەبێت.
تەقەتەق و کرتەکرت:
گۆڕان لە شێوەی کڕکڕاگەلە لەوانەیە کرتەکرت درووست بکات لە جومگەکاندا کە دەتوانیت گوێت لێبێت کە ئەژنۆت ئەنوشتێنیتەوە یان ڕاستیدەکەیتەوە، مەرج نییە کرتەکرتەکە ئازاری لە گەڵدا بێت.
هۆکارەکان:
تا ئێستا هۆکاری ڕاستەقینەی ئەم حاڵەتە نەزانراوە بەڵام پسپۆڕان دەڵێن کۆبوونەوەی هەندێک هۆکارە لە گەڵ یەکدا، هەندێک لەوانەش بریتین لە:
بێهێزی و لاوازی ماسولکەکانی سمت و ڕان.
گرژی ماسولکەکانی پشتی ڕان کە ناسراوە بە Hamstrings muscle.
کورتی بەستەری ماسولکەکانی دەوری کڵاوەی ئەژنۆ.
کێشە لە دان بە خۆداگرتن و هەڵگرتنی کێشی جەستە بە شێوەیەکی هاوسەنگ و کێشە لە دانانی پێیەکاندا بۆ هاوسەنگ ڕاگرتنی جەستە بە شێوەیەکی ڕاست و تەندرووست.
شێوازی دەستنیشانکردن:
بە پێی نیشانەکان.
بە پێی پشکنینی سەریری لە لایەن پزیشکی پسپۆڕەوە کە چەند ڕێگایەکی تایبەت هەیە پزیشکەکە پێی هەڵدەستێت لە کاتی پشکنیندا و بە پێی ئەوە دڵنیا دەبێتەوە لە حاڵەتەکە.
پشکنینی خوێن پێویست ناکات لەم حاڵەتەدا، مەگەر نەخۆشەکە کێشەیەکی دیکەی هەبێت لە گەڵیدا.
تیشکی ڕەش و سپی، ئێکس ڕەی، هیچ دەرناخات بەڵام هەندێک جار ئەشیعەی تەنوری پێویستە بۆ یەکێک پێشتر پێکانی هەبووبێت.
چارەسەرکردن:
هەندێک جار ئەم حاڵەتە بە بێ هیچ چارەسەرێک خۆی نامێنێت، هەندێک جاریش ئازارەکەی چەند ساڵێک دەخایەنێت.
1 – ئازارشکێنەکان: دەتوانرێت ئازارشکێنی وەک پاراسیتامۆڵ بەکار بهێندرێت لە کاتی ئازاردا. ئازارشکێنی جۆری وەک ڤۆڵتارین و پڕۆفین، هیچ کاریگەرییەکی زیادەیان نییە و باشترە لە بەر زیانە لاوەکییەکانی بەکار نەهێندرێن.
2 – چارەسەری فیزیایی و سرووشتی: ئەویش بەوەی هەوڵ بدەیت ماسولکەکانی بەشی پێشەوەی ڕان یان quadriceps بەهێزبکەیت و باڵانسی بکەیت بۆ ئەوەی فشار لە سەر کڵاوەی ئەژنۆت کەمبکەیتەوە، پزیشکی پسپۆڕی وەرزشی تایبەتت بۆ دادەنێت بۆ بەهێزکردنی ماسولکەکان. پێویست بە 12 مانگ زیاتر هەیە کە ڕۆژانە دوو یان سێ جار وەرزشی تایبەت بکەیت و بە لانیکەمەوە بۆ ماوەی نیو کاتژمێر زیاتر بۆ ئەوەی ماسولکەکانی دەوری کڵاوی ئەژنۆت بەهێز بێت و هەندێک جاریش پێویستە هەر بەردەوام بیت بۆ ئەوەی ئازارەکە بە تەواوی نەمێنێت.
3 – مەلەکردن و وەرزشکردن: سینگەمەلە و پشتە یەکێکن لە باشترین وەرزشەکان بۆ ئەم حاڵەتە و هایدرۆتیراپی واتە وەرزشی ناو ئاو.
4 – باشترە خۆت بە دوور بگریت لەو وەرزشانەی فشار دەخەنە سەر ئەژنۆکان، وەک، فوتبۆلێن، ڕاکردن، بازدان.
5 – سکوات کردن بە پشتی دیوار: یەکێکە لە وەرزشە زۆر باشەکان بۆ ئەم حاڵەتە و بەم ڕێگایانەی خوارەوە دەکرێت:
پشتت بنێ بە دیوارێکەوە و پێیەکانت بە تەنیشت یەکەوە دابنێ یان بە گۆشەی 30 پلە.
خۆت دابەزێنە وردە وردە بە نوشتاندنەوەی ئەژنۆکانت، هەتا نەتوانیت چیدی پەنجەکانی پێت ببینیت.
بەو شێوەیە بمێنێرەوە و سمتت توند بکە بۆ ماوەی 5 تا 10 خولەک.
ئارام بەرەوە و هەستەرەوە و چەند توانیت ئەم وەرزشە دووبارە بکەرەوە.
6 – هەندێک جار بەکارهێنانی برەیس یان قایشی تایبەت بە پاڵپشتی ئەژنۆ یارمەتی کەمکردنەوەی ئازارەکە دەدات.
7 – بەکارهێنانی پاک یان جەوەنەی سارد بە تایبەت لە پاش وەرزشکردن.
8 – بەکارهێنانی هەندێک ڕێگای تەواوکەر وەک دەرزی ئاژنین، یۆگا، میدیتەیشن.
9 – بەکارهێنانی پلازمای چڕ بەخەپلەی خوێن بۆ ئەو بەستەر و ماسولکانەی لاوازن لە دەرەوەی کڵاوەی ئەژنۆ.
10 – لە هەندێک حاڵەتی قورسدا لەوانەیە نەشتەرگەری پێویست بکات بۆ لابردن و کەمکردنەوەی فشاری سەر کرکڕاگەکە، یان لە ڕێگای نازوڕەوە پارچەی کرکڕاگەی بەرکەوتوو.
هەندێک هۆکاری دیکە بۆ ئازاری ئەژنۆ لە گەنجاندا:
داخوران و سەوەفانی ئەژنۆ کە لەوانەیە لە هەندێک کەسدا لە تەمەنێکی زوو دەست پێبکات.
حاڵەتی ڕۆماتیزمی جومگەکان.
پێکانی ئەژنۆ بە تایبەت لەوانەدا کە وەرزشوانن.
کێشی زیادە و قەڵەوی.
لەپێکردنی پێڵاوی نەگونجاو و بن بەرز لە کاتی چالاکییە جیاوازەکاندا.
ئەنجامدانی وەرزش بە شێوەیەکی هەڵە و ناتەندرووست./.