بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین لە کاردانەوەی بەرامبەر بە لێدوانەکانی بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی سەبارەت بە ڕۆڵی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین لە پێناو مسۆگەربوونی بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕژێمە، داوای هەڵوەشانەوەی سەرجەم ڕێکەوتنە سیاسی و ئەمنییەکانی لە گەڵ زایۆنیستەکان کرد.
بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی لە کۆبوونەوەی داخراوی لێژنەی کاروباری دەرەوە و ئاسایشی پەرلەمانی ئەو ڕژێمە ڕایگەیاندبوو کە بەرژەوەندییەکانی ئێمە دەخوازێت دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین درێژە بە کارەکانی بدات، ئەم دەسەڵاتە هەندێک کات کە سەرکەوتوو دەبێت، لە بەرژەوەندی ئێمەدا هەنگاو دەنێت و ڕووخانی لە زیانی ئێمە دەبێت.
بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی جەختیکردووەتەوە کە ئەم لێدوانانەی نتانیاهۆ پیشاندەری ئامانجی ڕاستەقینەی زایۆنیستەکانە لە واژۆکردنی ڕێکەوتنەکان لە گەڵ ڕێکخراوی ئازادیخوازی فەڵەستین (ساف) و سەلمێنەری شکستی سازشتکارانی عەرەب و فەڵەستینییە.
جیهادی ئیسلامی هەروەها جەختی لە سەر سزادانی ڕژێمی زایۆنیستی، ڕاگرتنی هەر جۆرە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ئەو ڕژێمە و پاڵپشتی لە مافە ڕەواکانی گەلی فەڵەستین کردووەتەوە./.