بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، زیاتر لە دوو مانگە شەڕی ناوخۆیی سودان لە نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەردەوامە و ئەمەش بووەتە هۆی کاولکارییەکی زۆر لە خەرتومی پایتەخت و هەروەها توندووتیژییەکی زۆر لە ناوچەی دارفۆر لە ڕۆژئاوای سودان کە لێکەوەی زۆری بە تایبەت هەڵهاتنی زیاتر لە 2 ملیۆن و 500 هەزار کەس بە دواوە بووە.
شەڕ و پێکدادانە سەربازییەکانی سودان کە لە ناوەڕاستی مانگی نیسانەوە دەستیپێکردووە، بووەتە هۆی ئەوەی کە نزیکەی 600 هەزار سودانی بەرەو وڵاتانی دراوسێ بە تایبەت میسر، چاد، سودانی باشور و ئەفریقای ناوەڕاست هەڵبێن.
ڕەئوف مازۆ جێگری کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە ئەگەر سەیری دۆخی ناوچەی دارفۆر بکرێت، ڕەنگە ئەم ژمارەیە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس بێت.
بە پێی ئامارەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە مانگی نیسانەوە تا ئێستا زیاتر لە 2 ملیۆن و 500 هەزار کەس ئاوارە بوون.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە ژمارەیەکی زۆر لە ژنان و منداڵانی سودانی بە برینداری گەیشتوونەتە وڵاتی چاد و ئەمەش جێی نیگەرانییە.
بە پێی ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، 25 ملیۆن کەس، واتە نیوەی دانیشتووانی سودان، پێویستیان بە هاوکاری بەپەلە هەیە./.