بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، جۆن کێری وەزیری دەرەوەی پێشووتری ئەمریکا لە حکومەتەکەی باراک ئۆباما و نوێنەری تایبەتی واشنتن بۆ کاروباری گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، لە چاوپێکەوتنێکدا ئامادە نەبوو کە هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە ساڵی 2003 بە تاوان و دەسدرێژی ناو ببات.
ناوبراو لە چاوپێکەوتنی کەناڵی LCI ی فەرەنسی وتی کە هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا دەسدرێژییەکی سەربازییە. بەڵام کاتێک پەیامنێرەکە هێرشەکانی ئەمریکای بۆ سەر عێراق وەبیرهێنایەوە، ناوبراو ئامادە نەبوو وەڵامێکی ڕاست و درووست بداتەوە.
جۆن کێری وتی کە هەرچەندە هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە سەر بنەمای درۆ بووە بەڵام لە گەڵ شەڕی ڕووسیا لە دژی ئۆکراینا جیاوازییەکی بنەڕەتی هەیە.
وەزیری دەرەوەی پێشووتری ئەمریکا وتی: ئێمە لەو قۆناغەدا نەماندەزانی کە بنەمای هێرشەکان بۆ سەر عێراق درۆیە، خەڵک نەیاندەزانی ئەو بەڵگەی کە بڵاو کرایەوە درۆ بوو، لە سەر ئەم پرسە زۆر قسە کراوە و من نامەوێت هیچ لێدوانێک بدەم./.