بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە ڕێوڕەسمێکدا ئەمڕۆ سێ شەممە 27 ی حوزەیرانی 2023 دەروازەی سنوریی شۆشمێ لە نێوان هەر دوو پارێزگای هەڵەبجە لە هەرێمی کوردستان و کرماشان لە کۆماری ئیسلامی ئێران کرایەوە.
دەروازەی سنوریی شۆشمێ بە ئامانجی گەشتیاری و بازرگانی بەکار دێت و کاریگەریی لە سەر بوژاندنەوەی کەرتی گەشتیاری لە هەر دوو پارێزگاکە دەبێت.
دانیشتووانی قەزای پاوە لە پارێزگای کرماشان بەردەوام جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ” کردنەوەی ئەم دەروازە سنورییە داواکارییەکی 40 ساڵەی ئێمەیە و لە جێی ئەوەی کە لە سنورەکانی باشماخ و پەروێزخانەوە سەردانی هەرێمی کوردستان بکەین دەمانەوێت لە سنوری شۆشمێوە سەردانی هەرێم بکەین “.
دەروازەی سنوریی شۆشمێ پێشینەیەکی 67 ساڵەی گومرکیی هەیە و لە سێ مانگەی بەهاری ئەمساڵیش ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان لەم دەروازە سنورییە بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو لە سەدا 24 زیادی کرد و گەیشتە زیاتر لە 13 ملیۆن دۆلار./.