بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕیما بنت بەندەر باڵیۆزی سعوودیە لە ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا وتی کە ڕیاز پاڵپشتی لە هەوڵەکانی چین بۆ وتووێژەکانی نێوان فەڵەستینییەکان و ڕژێمی زایۆنیستی دەکات و هەڵوێستی سعوودیە لە بەرامبەر ڕێگاچارەی دوو حکومەتی و ڕاگەیاندنی وڵاتی سەربەخۆی فەڵەستین وەک خۆی ماوەتەوە.
ناوبراو وتی کە پاڵپشتی لە ڕۆڵی چین بە واتای پەراوێزکەوتی ڕۆڵی ئەمریکا لەم دۆسیەیەدا نییە.
ئەو دیپلۆماتکارەی سعوودیە وتی کە سیاسەتی سعوودیە لە سەر بنەمای دیپلۆماسییە نەک توندووتیژی.
ڕیما بەندەر سەبارەت بە ئەگەری نێوەندگێڕیی چین لە نێوان سعوودیە و ڕژێمی زایۆنیستی وتی کە ئێمە سیاسەتێکی نەگۆڕمان هەیە و ئەویش لە دۆسیەی فەڵەستیندا ڕێگاچارەی دوو حکومەتییە و دەمانەوێت ئیسرائیل و فەڵەستین پێکەوە لە کەشێکی گەشە و پێشکەوتندا بن.
ناوبراو بە ئاماژە بە ئاسۆی دیاریکراوی 2030 ی سعوودیە وتی: ڕیاز داوای ناوچەیەکی یەکگرتوو، یەکپارچە و پێشکەوتوو دەکات و دەمانەوێت ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەمترین ئاڵۆزیی تێدا بێت.
باڵیۆزی سعوودیە وتی: ئێمە هەوڵ دەدەین وڵاتانی ناوچەکە بە پاراستنی سەروەری و یەکپارچەیی خۆیان خاوەن بەرژەوەندییەکی هاوبەش وەک یەکێتی ئەورووپا بن.
ڕیما بەندەر سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعوودیە و ئێرانیش وتی کە ئێمە لە ئاسۆی 2030 هەوڵی دەستپێکردنەوەی هاوکارییەکان و نەهێشتنی کێشە و ئاڵۆزییەکان دەدەین و هیوادارین پەیوەندییەکانیش لە گەڵ ئێران باشترین دەرفەت بە تایبەت بۆ گەنجانی هەر دوو وڵات بێت./.