بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە وتووێژی تەلەفوونی لە گەڵ ڤلادیمیر پوتین سەرۆک کۆماری ڕووسیا، ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی ئێران پاڵپشتی لە سەروەری و دەسەڵاتی نیشتمانیی ڕووسیا دەکات.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی جەختیکردەوە کە بوونی هێزەکانی بێگانە هەڕەشەیە لە سەر وڵاتانی ناوچەکە و وتی: بە جیدی و هەستیارییەوە چاودێری ڕووداوەکانی ناوچەی قەفقاز دەکەین و لەو بڕوایەداین کە کێشەکانی ئەو ناوچەیە دەبێت بە ڕۆڵی وڵاتانی ناوچەکە چارەسەر بکرێت.
ڤلادیمیر پوتین سەرۆک کۆماری ڕووسیاش وێڕای پیرۆزبایی بە بۆنەی هاتنی جەژنی قوربانەوە، بە ئاماژە بە ئاژاوەگێڕییەکەی گرووپی ڤاگنەر، وتی کە ڕووسیا لەم کێشەیەدا بەهێزەوە کۆتایی بە خیانەت هێنا.
ناوبراو بە ئاماژە بە هەلومەرجی ناوچەی قەفقاز، جەختیکردەوە کە کێشەکانی ئەو ناوچەیە دەبێت لە ڕێگای هاوکاری و هاوئاهەنگی وڵاتانی ناوچەکەوە چارەسەر بکرێت.
سەرۆک کۆمارانی ئێران و ڕووسیا هەروەها بە ئاماژە بە ڕێکەوتنە دووقۆڵییە ئابوری و بازرگانییەکان، جەختیان لە سەر جێبەجێکردنی خێرای ڕێکەوتنەکان کردەوە. دانوستانەکانی ڕەوتی ئاستانە تایبەت بە سوریا لە تەوەرەکانی دیکەی ئەم وتووێژە بووە./.