یۆگنی پریگۆژین سەرۆکی گرووپی میلیشیاکانی ڤاگنەر لە هەوڵی ئەوەدا بوو بەرەو مۆسکۆ جوڵە بە هێزەکانی بکات و بە شەڕ و ئاژاوەگێڕی لە پایتەختی ڕووسیا حکومەتەکەی ڤلادیمیر پوتین بە پاڵپشتی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا بڕووخێنێت.
ئەو بازرگان و چێشتلێنەرەی پێشووی پوتین، وا بیری دەکردەوە کە دەتوانێت تەنیا بە 20 تا 25 هەزار سەرباز مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا داگیر بکات.
ئاژاوەگێڕییەکەی ڤاگنەر لە کاتێکدا بوو کە سوپای ڕووسیا هێرشێکی ئۆکراینای تێکشکاند و بە تەواوی شکستی بەو هەوڵەی کیێڤ هێنا.
زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە سوپای ئۆکراینا لە شەڕی دژ بە ڕووسیا زیاتر لە 16 هەزار لە هێزەکان و لە سەدا 40 ی چەک و کەرەستە سەربازییەکانی لە دەست داوە. لە بەردەوامی شکستەکانی ئۆکراینای پاڵپشتیکراو لە لایەن ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاواوە، لەناکاو ئاژاوەگێڕییەکەی ڤاگنەر لە ڕووسیا ڕوویدا تا وێڕای ناسەقامگیرکردنی ڕەوشی ناوخۆیی ئەو وڵاتە، سرنجی ڕای گشتی بخەنە سەر ڕووداوەکان و وا پیشان بدەن کە دۆخی ناوخۆیی ڕووسیا شڵەژاوە و ئەستوونەکانی حکومڕانییەکەی ڤلادیمیر پوتین لەرزۆک بووە.
بەڵام لایەنی براوەی ئەم شەڕە، پوتینە، ناوبراو سەرۆکی ڤاگنەری بە خیانەتی گەورە تۆمەتبار کرد و لە وتارێکی کورت و توندی خۆی ئەوەی ڕاگەیاند فەرمان لە کەس وەرناگرێت کە ئەمەش بە واتای مردن و کۆتایی پریگۆژینە.
پوتین هەر لە سەرەتای ئاژاوەگێڕییەکەوە دەیتوانی گرووپی ڤاگنەر لە ناو ببات بەڵام ئەگەری سەیری ڕووداوەکان بکەین دەزانین کە ناوبراو چەندە شارەزایانە هەڵسووکەوتی لە گەڵ دۆخی هەستیاری وڵاتەکەیدا کردووە. لە کاتێکدا کە کاروانی هێزەکانی ڤاگنەر لە 200 کیلۆمەتری شاری مۆسکۆی پایتەختدابوون، هیچ کات هێزی ئاسمانی ڕووسیا هێرشی نەکردە سەریان.
میدیاکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا بە تایبەت ئۆکراینا بە هەموو شێوازێک هەوڵیان دەدا کەڵک لەم دۆخە ناوخۆییەی ڕووسیا وەربگرن تا وەک سەرەتای شەڕی ڕووسیا لە دژی کیێڤ بۆ مسۆگەرکردنی بەرژەوەندی و ئامانجەکانی خۆیان بەکاری بێنن.
میدیاکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا بەردەوام هەوڵ دەدەن وا بە خەڵکی جیهان پیشان بدەن کە دۆخی ڕووسیا بەرەو هەڵوەشانەوە و تێکچوون دەڕوات و ناکۆکییەکی زۆر لە نێوان سوپا و خەڵکدا بوونی هەیە و ئەم ئاژاوەگێڕییەی گرووپی ڤاگنەریش بە واتای کودەتایە لە دژی پوتین. لە کاتێکدا کە ڕاستییەکان شتی دیکەیە و ئەمریکا و ڕۆژئاوا کە هیوایەکی زۆریان بە ڤاگنەر و سەرۆکەکەی هەبوو، دیسانەوە شکستیان هێنا.
وڵاتانی ڕۆژئاوا لەوە دەترسن کە ئەم هەنگاوە، فریو و بەشێک لە شەڕی دەروونی و میدیایی بێت. ڕەنگە ئەمەش لە ڕاستیدا ڕووی دابێت، بە تایبەت پاش ئەوەی کە سەرۆکی ڤاگنەر بە داوایەکی سەرۆک کۆماری بیلاڕووس پاشەکشەی کرد. ئەمەش پیشان دەدات کە ئەمە یارییەکی سیاسی یان بە واتایەکی دیکە، پرۆسەیەکی فریودانە، یان ئەوەی کە ئاژاوەگێڕییەکەی ڤاگنەر و پریگۆژین بە نیوەچڵ و شکستخواردوو مایەوە و پیشاندەری ئەوەیە کە ناوبراو لاوازتر لەوەیە کە لە بەرامبەر سوپایەک کە بە تەینا شەڕی ئەمریکا و ناتۆ دەکات، هەوڵی کودەتا بدات./.