بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەلی فەتلاوی سەرکردە لە هاوپەیمانی فەتح وتی: ئەوەی کە دەنگ لە سەر یاسای لێبوردنی گشتی دەدات، دەبێت ڕوبەڕوی خەڵک ببێتەوە و وەڵامیان بداتەوە، بە تایبەت پاش ئەو هەموو تاوانە و کوشتارەی کە تیرۆریستان لە عێراقدا کردوویانە.
ناوبراو وتی: زیاتر لە 35 هەزار بەندکراوی تیرۆریستی لە گرتووخانەکانی عێراقدان و زۆربەیان بە لەسێدارەدان یان زیندانی هەتا هەتایی سزا دراون، ئەو کەسەی کە لە گەڵ ئازادکردنیان بێت، دەبێت ڕوبەڕوی خەڵکی عێراق ببێتەوە.
فەتلاوی یاسای لێبوردنی گشتیی بە کارەساتێکی گەورە بۆ عێراق ناو برد کە قبووڵکراو نییە و وتی: هاوپەیمانی فەتح و نیشتمانپەروەرانی دیکە ڕەزامەندییان لە سەر یاسای وەها نییە کە ڕێگا بە گەڕانەوەی تیرۆریستان و ئازادکردنیان دەدات.
لێژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە کە یاسای لێبوردنی گشتی سەرجەم تیرۆریستانی زیندانیکراو ناگرێتەوە و پەسەندکردنی لە پەرلەمانی عێراق پێویستی بە ڕێکەوتنی سیاسی هەیە./.