بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نیعمەتوڵڵا ئیزەدی سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی ڕووسیا و هەڕەشە سەربازییەکانی گرووپی ڤاگنەر و پاشەکشەی خێرای، وتی: ئەم گرووپە پێش ئەوەی کە ڕووسیا هێرش بکاتە سەر ئۆکراینا، لە لایەن ڤلادیمیر پوتین سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتەوە وەک گرووپێکی میلیشیایی لە دەرەوەی سوپا پێکهێنرا و چالاکییەکانی لە سوریا بوو و سەرۆکەکەشی یەکێک لە متمانەپێکراوەکانی پوتین بوو و بڕیارەکانی ئەوی جێبەجێ دەکرد، لە شەڕی ئۆکرایناش ڤاگنەر بەشێکی زۆری هێرشەکانی لە ناو خاکی ئەو وڵاتە گرتە ئەستۆ.
ناوبراو وتی: پێشتریش ئەوەم باس کردووە هەرچی شەڕی ئۆکراینا درێژەی هەبێت دەتوانێت کاریگەرییە ناوخۆییەکانی لە ڕووسیا زیاتر ببێت، ئێستا ئەم شەڕە پوتینی ڕوبەڕوی دۆخێکی ناوخۆیی کردووەتەوە و ئەگەر چارەسەر نەکرێت ڕەنگە ناڕەزایەتییەکان لە دژی مۆسکۆ زیاتر ببێت،ڕەنگە ئەو کەسانەش کە پێشتر لە دژی شەڕی ئۆکراینا ناڕەزایەتییان دەربڕیبوو، بێنە شەقامەکانەوە و لە دژی پوتین دەست بە جوڵە بکەن.
یەکەم باڵیۆزی ئێران لە ڕووسیا وتی: ئەوەی کە گرووپی ڤاگنەر تەنیا ئامانجیان هێرشی سەر پوتین بێت جێی گومانە، بە تایبەت ئەوەی کە ڕووداوەکە بە خێرایی ڕوویدا و بە خێرایی کۆتایی هات، بە نێوەندگێڕی سەرۆک کۆماری بیلاڕووس کێشەکە کۆتایی هات. پوتین سەرەتا بە توندی لێدوانیدا و ئەوانی بە خائین و دژبەری ڕووسیا ناو برد بەڵام پاشان گەیشتنە ڕێکەوتن و ئەو لێدوانە توندە نەما. خوێندنەوەیەکی زۆر لە سەر ئەم ڕووداوە هەیە کە ئایا پوتین وەک نمایشێک ئەمەی جێبەجێ کردووە یان ئەوەی کە ئۆکراینا چەندە دەستی تێدا هەبووە کە من هێندە بڕوام بەمە نییە. لە یەکێتی سۆڤییەتەوە ئەگەر لە ناوخۆوە کێشەیەک هەبووبێت دەستی وڵاتانی ڕۆژئاوای تێدا بووە بەڵام هۆکاری سەرەکی نەبووە.
ئەو دیپلۆماتکارەی پێشووی ئێران سەبارەت بە هۆکاری سەرەکی ڕووداوەکە وتی: بەشێکی ناڕەزایەتی گشتییە و بەشێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخەکانە، لە بەر ئەوەی کە گرووپی ڤاگنەر بە پارە ئیشیان کردووە و بەوە گەیشتوون کە نابێت لەم ئاستەدا بمێننەوە، ناکۆکییە ناوخۆییەکان و ناکۆکییەکانی سوپای ڕووسیا و ڤاگنەر بە بەشێکی زۆری هۆکارەکان دەزانم. سەرۆکی ڤاگنەر پێی وایە کە سوپای ڕووسیا لە ڕووی پڕچەککردنەوە کەمتەرخەمی کردووە.
ئیزەدەی لە درێژەدا وتی: ئەمە زیاتر کێشەیەکی ناوخۆیی بووە و بەم هۆیەشەوە بە خێرایی کۆتایی هات. ئەڵبەت کاریگەری زۆری لە سەر ڕووسیا بە تایبەت لە سەر پوتین دەبێت لە بەر ئەوەی کە لەم ساڵانەدا بەردەوام خۆیی وەک کەسێکی بەهێز پێناسە کردووە و پێم وایە کە کاریگەریش لە سەر شەڕی ئۆکراینا دابنێت لە بەر ئەوەی کە جێگرتنەوەی ئەم هێزانە بە خێرایی بۆ ڕووسیا ئاسان نییە و دەبێت سەرەتا هەوڵی پاراستنی هێزەکان و گۆڕینی سەرۆکەکەی بدات یان ئەگەر ئەمە ڕوو نەدات کەڵک لە هێزەکانی دیکە وەربگرێت و ئەم گۆڕانکارییانەش دەتوانێت کاریگەریی لە سەر شەڕی ئۆکراینا هەبێت.
وتیشی کە ئەگەر ڕووسیا بە خێرایی جێگرەوەی ئەو هێزانە دابین نەکات، هەرچی زیاتر کاتەکە تێپەڕ ببێت بۆشاییەکەی زیاتر دەبێت، لە ئێستادا وڵاتانی ڕۆژئاوا بیر لە پڕچەککردنی زیاتری ئۆکراینا دەکەنەوە تا بتوانێت ئەو ناوچانەی لە دەستی داوە دیسانەوە کۆنتڕۆڵی بکاتەوە، ئەم دۆخەش بەندە بەوەی کە ڕووسیا چۆن مامەڵە لە گەڵ گۆڕانکارییەکان دەکات.
نیعمەتوڵڵا ئیزدەی سەبارەت بەوەی کە ئایا لە داهاتوودا ئەگەری هەڵگەڕانەوەی گرووپێکی دیکەی وەک ڤاگنەر هەیە، وتی: ئەمە زیاتر بۆ کێشە ناوخۆییەکان و کاریگەری شەڕی ئۆکراینا دەگەڕێتەوە، بە واتایەکی دیکە هەرچی شەڕی ئۆکراینا درێژەی هەبێت، زیاتر لەوەی کە پێشبینی دەکرا پوتین تووشی کێشە دەبێت./.