بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پێشوازی حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی لە سەرکردەی گرووپەکانی خۆڕاگریی فەڵەستین و شاندەکانی یاوەریان و کۆبوونەوەی لیوا ئیسماعیل قائانی فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە گەڵ ئەو سەرکردانە، پیشاندەری گرنگی ئامانجی گەلی فەڵەستین بۆ ئێران و پاڵپشتی تەواو لە گرووپەکانی خۆڕاگری لە سەرجەم قۆناغ و گۆڕەپانەکاندایە، بە تایبەت ئەوەی کە ئێران گرنگی بە یەکڕیزی گرووپەکانی خۆڕاگری فەڵەستین و بە دیاریکراوی لە گۆڕەپانی شەڕی دژ بە ڕژێمی زایۆنیستی دەدات.
خۆڕاگری یەکەم و دوایین پرسێکی پیرۆزە کە دەبێت هەر ئازادیخوازێکی عەرەب و موسڵمان لە پرسی فەڵەستیندا بۆی گرنگ بێت، ئەزموونی زیاتر لە 70 ساڵی ڕابردوو ئەوەی سەلماندووە کە بەدەر لە خۆڕاگری، سەرجەم بژاردەکانی دیکە تەنیا بووەتە هۆی خۆبەدەستەوەدان و پێشێلکردنی مافی فەڵەستینییەکان و ساڕێژنەبوونی زامەکانی ئەوان.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە چاوپێکەوتنی سەرکردەی گرووپەکانی خۆڕاگریی فەڵەستین و شاندەکانی یاوەریان، جەختیانکردەوە کە یەکڕیزی و هاوبەشی لە خەبات و بەرەنگاربوونەوەی زایۆنیستەکان دەبێت ئەرکی لە پێشینەی سەرجەم گرووپەکانی خۆڕاگری لە فەڵەستین بێت.
بەڕێزیان وتیان: لە کۆتا شەڕی غەززە ئەوەمان بینی کە هەوڵی دوژمن بۆ کەلێن و ناکۆکی خستنە نێو گرووپەکانی خۆڕاگری شکستی هێنا، هەر بۆیە پێویستە زیاتر گرنگی بە پرسی یەکڕیزی و یەکگرتوویی بدرێت و بەهێزەوە درێژە بەم ڕاستە ڕێگایە بدرێت.
یەکڕیزی خۆڕاگری لە غەززە وانەیەکی گرنگی دایە گەنجانی فەڵەستینی بە گشتی و لە کەرتی خۆرئاوا بە تایبەت و ئەوانی بەرەو گۆڕەپانی خەبات و تێکۆشان هانداوە. حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی بەرامبەر بە سەرکردەکانی خۆڕاگریی فەڵەستین وتیان کە کێ بیری لەوە دەکردەوە ڕۆژێک گەنجانی فەڵەستینی لە جنین وەها دۆخێک بۆ ڕژێمی زایۆنیستی بێننە پێشەوە، بە شێوازێک کە بۆ ڕزگارکردنی هێزەکانی لە گەمارۆی گەنجانی فەڵەستینی کەڵک لە فڕۆکەی شەڕکەر وەربگرێت، بەڵام ئەم ڕووداوەمان لەم ماوەیەدا لە جنین بینی.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بەرامبەر بە میوانانی فەڵەستینی وتیان: ئیمام خومەینی (رە) لە سەرەتای شۆڕشی ئیسلامییەوە بە پێی ئیمان و بڕوا بە خودای گەورە و بنەمای پاڵپشتیکردنی فەڵەستین لە لایەن ئێرانەوە هەنگاویان نا. بنەمای پاڵپشتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش بە پێی یاساکانی ئیسلامە نەک هەنگاوێکی تەکتیکی یان دیپلۆماسی.
زۆربەی چاودێران لەو بڕوایەدان کە بەهێزبوونی بەردەوامی خۆڕاگری و یەکبوونی ئەوان لە گۆڕەپانی شەڕ، ڕژێمی زایۆنیستیی تووشی شڵەژانێکی گەورە کردووە، بە شێوازێک کە ناتوانێت هەڕەشەکانی لە دژی بەرەی خۆڕاگری لە ناوخۆ و دەرەوەی فەڵەستین جێبەجێ بکات و لە هەمووش گرنگتر لە بەرامبەر ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان لەوپەڕی لاوازییەوە دەرکەوتووە.
ئەم هەلومەرجەش لە کاتێکدایە کە ڕژێمی زایۆنیستی لە کەرتی خۆرئاوا، جنین، نابلۆس و حەوارە و هەروەها لە بەرامبەر دانیشتووانی جۆلانی داگیرکراو لاواز بووە. ئەم ڕژێمە داگیرکارە لە بەرامبەر مووشەکەکانی غەززەش لاواز بووە و نیوەی زایۆنیستەکانی خزاندووەتە پەناگەکان و لە بەرامبەر گەلانی عەرەبیش کە پەیوەندییەکان لە گەڵ حکومەتەکانی ئەوان ئاسایی کردووەتەوە، هەر بە لاوازی ماوەتەوە. چیرۆکی هێرشەکەی محەممەد سەلاح سەربازە میسرییەکە بۆ سەر بنکەی سەربازی ڕژێمی زایۆنیستی و کوژران و برینداربوونی سەربازەکانی ئەو ڕژێمە، لە ئێستادا بووەتە وێردی سەر زمانی خەڵک بە گشتی.
خۆڕاگری و یەکخستنی گرووپەکانی و بە تایبەت یەکبوونی ئەوان لە گۆڕەپانی شەڕ، سەرجەم هاوکێشەکانی ڕژێمی زایۆنیستیی تێکداوە و لاوازبوونی ئەو ڕژێمەی سەرەڕای هەبوونی هەموو جۆرە چەکێک ئاشکراتر کردووە./.