بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە کابینەی سێزدەیەمی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بە سەرۆکایەتی ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی گرنگییەکی زۆر بە وەبەرهێنانی دەرەکی دراوە و ئەمەش لە گەشەی ئابوری وڵاتدا ڕۆڵی هەبووە.
ڕێژەی وەبەرهێنانی دەرەکی لە سەرەتای دەستبەکاربوونی ئەم کابینەیە تا مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵی کۆچی هەتاوی (1402) 6 ملیار و 51 ملیۆن دۆلار بووە کە بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی کابینەی پێشوو بە سەرۆکایەتی حەسەن ڕۆحانی لە سەدا 84.3 زیاتر بووە.
باشتربوونی پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە یەکێک لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی ڕێژەی وەبەرهێنانی دەرەکی بووە.
بە پێی ئامارەکانی دەستەی وەبەرهێنانی دەرەکی، لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی سێزدەیەم تا کۆتایی خاکەلێوەی 1402، ژمارەی پرۆژەکانی وەبەرهێنانی دەرەکی بە بڕی 10 ملیار و 765 ملیۆن دۆلار پەسەند کرا.
بە پێی ئەو ئامارانەش، 600 پاکێجی وەبەرهێنان بۆ بیانییەکان لە ناوچە ئازادە بازرگانییەکانی ئێران ئامادە کراون. کابینەی ئێستا گرنگییەکی زۆر بە ناوچە ئازادە بازرگانییەکان دەدات و هەر وەبەرهێنەرێکی بیانی کە ویستی وەبەرهێنانی هەبێت دەتوانێت یەکێک لەو پرۆژانە هەڵبژێرێت./.