بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پاش ڕێکەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئێران و سعوودیە کە لە 6 ی نیسان ی 2023 لە وڵاتی چین واژۆ کرا و هەروەها کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی هەر دوو وڵات لە پەکین، جوڵە دیپلۆماسییەکانی نێوان بەرپرسانی هەر دوو وڵات ڕووی لە زیادبوون کرد، سەرەتا شاندەکانی هەر دوو وڵات بۆ تاوتوێکردنی دوایین دۆخی نوێنەرایەتییەکان و ئامادەکاری بۆ کردنەوەیان و ناردنی زیارەتکارانی ئێرانی بۆ ڕێوڕەسمی حەجی ئەمساڵ، سەردانی تاران و ڕیازیان کرد. لە ئەنجامی ئەم بەرەوپێشچوونەش پاش 8 ساڵ باڵیۆزخانەی ئێران لە ڕیاز لە 6 ی حوزەیرانی 2023 بە فەرمی کرایەوە، کۆنسووڵخانەکەی ئەم وڵاتەش لە جەدە لە گەڵ نوێنەرایەتییەکەی لە ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی کرایەوە. بڕیارە باڵیۆزخانەی سعوودیە لە تاران و کۆنسووڵخانەکەی ئەو وڵاتە لە جەدە لە پاش جەژنی قوربان بکرێنەوە.
پاش کردنەوەی باڵیۆزخانەکەی ئێران لە سعوودیە، بە پێی هاوئاهەنگی نێوان بەرپرسانی هەر دوو وڵای، فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعوودیە بە سەردانێکی فەرمی و یەکڕۆژە گەیشتە تاران و لە وەزارەتی دەرەوە لە لایەن حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیانەوە پێشوازی لێکرا تا یەکەم وەزیری دەرەوەی سعوودیە بێت کە لە پاش 17 ساڵ بۆ کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵی سەردانی تاران دەکات.
پاش کۆبوونەوەی شاندەکانی ئێران و سعوودیە، وەزیرانی دەرەوەی هەر دوو وڵات بە ئامادەبوونی پەیامنێران کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشیان بەڕێوەبرد. لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا کە گۆڕینی هۆڵی بەڕێوەچوونەکەی هەندێک قسە و باسی لێکەوتەوە، وەزیری دەرەوەی سعوودیە هیوای خواست کە سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە داهاتوویەکی نزیکدا سەردانی ڕیاز بکات.
لەو کۆبوونەوەدا کە بە پێی پلانی پێشوەختەی، وەزیرانی دەرەوەی هەر دوو وڵات تەنیا بەیاننامەی خۆیان لە ئەنجامی سەردانەکە خوێندەوە و پرسیار و وەڵامی نێوان ئەوان و پەیامنێرانی تێدا نەبوو، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: لە کۆبوونەوەکەدا سەبارەت بە پێویستی هاوکاری بەردەوامی ئابوری و بازرگانی و وەبەرهێنانی هاوبەش بە تایبەت لە نێوان کەرتی تایبەتی هەر دوو وڵات وتووێژ کرا. ئێمە سەبارەت بە هاوکاری لە بوارەکانی گواستنەوە، گەشتیاری، تەکنۆلۆژیا و بوارە خوازراوەکانی دیکەی هەر دوو لا بیر و ڕامان ئاڵوگۆڕ کرد.
وەزیری دەرەوەی سعوودیە هەروەها لە گەڵ سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران کۆبووە. بە پێی ئەو هەواڵانە کە لە پاش سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی سعوودیە بڵاو بوویەوە، پێدەچێت کە بن فەرحان پەیامی بەرپرسانی باڵای وڵاتەکەیی سەبارەت بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان پێشکەش بە ئایەتوڵڵا ڕەئیسی کردبێت.
لە درێژەی جوڵە دیپلۆماسییەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارس، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان شەوی دووشەممە گەشتە عەرەبییەکەیی دەستپێکرد. سەردانەکەش لە وڵاتی قەتەرەوە دەستیپێکرد و ڕۆژی سێ شەممە لە گەڵ شێخ تەمیم بن حەمەد ئالی سانی میری قەتەر و هەروەها سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە وڵاتە عەرەبی و ئیسلامییە کۆبووە.
وەزیری دەرەوەی ئێران دوانیوەڕۆی سێ شەممە 20 ی حوزەیرانی 2023 لە کاتێکدا لە دەوحەی قەتەرەوە سەردانی مەسقەت پایتەختی عۆمانی کرد کە عەلی باقری جێگری سیاسی ناوبراو و دانوستانکاری باڵای ئەم وڵاتە لە دانوستانەکانی تایبەت بە دۆسیەی ناوەکی و هەڵگرتنی گەمارۆکان، لە هەمان ڕۆژدا لە دەوحەدا بوو و لە گەڵ ئەنریکە مورا جێگری بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا سەبارەت بە ڕێکەوتنی ناوەکی و گۆڕانکارییە نێودەوڵەتییەکانی دیکە کۆبووە.
سەردانەکەی ئەمیر عەبدوڵڵاهیان بۆ عۆمان لە کاتێکدا بوو کە هەیسەم بن تارق سوڵتانی ئەم وڵاتە عەرەبییە لە 28 ی ئایاری 2023 بە سەردانێکی دوو ڕۆژە گەیشتە تاران و لە گەڵ سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران و ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی کۆبووە. لەو سەردانەدا چوار ڕێکەوتنی هاوکاری ئابوری و وەبەرهێنان، هاوکاری لە ناوچەکانی ئازادی بازرگانی و هاوکاری لە بواری وزە لە لایەن بەرپرسانی هەر دوو وڵاتەوە واژۆ کرا و لە سەر ئەوە ڕێکەوتن کە لە داهاتوویەکی نزیکدا ڕێکەوتنێک بە ناوی پلانی گشتی هاوکارییە ستراتیژییەکانی ئێران و عۆمان، ئامادە و واژۆ بکرێت.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کاتێکدا کە ڕۆژی چوارشەممە 21 ی حوزەیران لە گەڵ بەرپرسانی عۆمان کۆبووە کە یەکێک لە ئامانجەکانی سەردانەکەی، بەدواداچوون بۆ ڕەوتی جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکانی هەر دوو وڵات لە میانەی سەردانی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ مەسقەت و سوڵتانی عۆمان بۆ تاران بووە.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لە کۆبوونەوەی لە گەڵ سەید بەدر بن حەمەد بوسەعیدی وەزیری دەرەوەی عۆمان بە ئاماژە بە جەختکردنەوەی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران و سوڵتانی عۆمان سەبارەت بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵات، پێشنیاری ئەوەیکرد کە لە میانەی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی تیمە یاسایی و تەکنیکییەکانی هەر دوو وڵات، دەقی ڕێکەوتنی گشتی و درێژخایەنی نێوان ئێران و عۆمان لە زووترین کاتدا ئامادە و واژۆی لە سەر بکرێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران وێڕای پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکەی ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی 8 وڵاتی ناوچەی کەنداوی فارس لە نیۆیۆرک لە مانگی ئەیلولی داهاتوو، وتی: پێویستە وەها پێشنیارێک لە لایەن 8 وڵاتی ناوچەکەشەوە جێی گرنگی بێت و بەدواداچوونی بۆ بکرێت و لەم پێناوەدا تەنانەت لە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی لوتکەی 8 وڵاتی ناوچەی کەنداوی فارس دەکەین.
ئەم دیپلۆماتکارە باڵایەی ئێران پاش کۆبوونەوەی لە گەڵ وەزیری دەرەوەی عۆمان بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند کە لە یەک ساڵ و نیوی ڕابردوو بەرەوپێشچوونی زۆر لە بواری جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکانی نێوان هەر دوو وڵات کراوە و گرنگی بە پەرەپێدانی هاوکارییەکان لە بوارەکانی ئابوری، بازرگانی، ترانزێت، وزە، زانست و تەکنۆلۆژیا دەدەین.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی: ئێمە دەستخۆشی لە دەستپێشخەرییەکەی سوڵتانی عۆمان لە پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان دەکەین بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکارییەکان لە پێناو دابینکردنی ئاشتی و سەقامگیری و گەشەسەندنی ناوچەکە.
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لە کاتێکدا دوانیوەڕۆی چوارشەممە سەردانی کوێتی کرد کە ئەمە یەکەم سەردانی ناوبراو وەک وەزیری دەرەوە بۆ ئەم وڵاتەی ناوچەی کەنداوی فارس بووە.
سەردانەکەش لە پاش ئەوە بوو کە ساڵی ڕابردوو کوێت بڕیاریدا پاش 7 ساڵ ئاستی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لە گەڵ ئێران بۆ ئاستی باڵیۆز بەرز بکاتەوە و لەم چوارچێوەدا باڵیۆزی خۆیی ڕەوانەی تاران کرد، هەروەها بە پێی خانەنشینی محەممەد ئێرانی باڵیۆزی تاران لە کوێت لە چەند مانگی ڕابردوو، بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا محەممەد توتونچی وەک باڵیۆزی نوێی ئێران لە کوێت دەستبەکار ببێت.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لە میانەی سەردانەکەی بۆ کوێت و کۆبوونەوەی لە گەڵ شێخ سالم عەبدوڵڵا جابر سەباح وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە، وتی: ئێمە ئامادەی گەشەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانین لە بوارە جیاجیاکان و لەم پێناوەدا ئامادەیی ئەوەمان هەیە کە کۆمیسیۆنی باڵای هاوبەشی هەر دوو وڵات بەڕێوە ببەین.
وەزیری دەرەوەی ئێران بە ئاماژە بە گرنگی پاراستنی ژینگە لە ناوچەکە، وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران لە مانگی ئەیلول میوانداری لە کۆنفراسێکی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کێشە و گرفتەکانی ژینگەی ناوچەکە دەکات.
وەزیری دەرەوەی کوێتیش ئامادەیی خۆیی بۆ سەردانیکردنی ئێران ڕاگەیاند.
هەر لەو سەردانە یەک ڕۆژەدا ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لە گەڵ ئەحمەد نەواف ئەحمەد سەباح سەرۆک وەزیرانی کوێت کۆبووە. سەرۆک وەزیرانی کوێت ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی ئاسانکاری بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لە گەڵ ئێران دەکات و بە گرنگییەوە لە باشتربوونی پەیوەندییەکانی ئەم وڵاتە و وڵاتانی ناوچەکەش دەڕوانێت.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی پێنج شەممە 22 ی حوزەیرانی 2023 پاش سەردانەکەی بۆ کوێت و بۆ یەکەم جار لەم پۆستەدا سەردانی ئیماراتی کرد.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لە کاتێکدا سەردانی ئیماراتی کرد کە لەم ماوەیەدا ڕەزا عامری وەک باڵیۆزی نوێی ئێران لە ئەبوزەبی دەستی بەکارەکانی کرد و ساڵی ڕابردووش ئیمارات هاوشێوەی کوێت بڕیاریدا ئاستی پەیوەندییەکانی لە پاش چەند ساڵێک بۆ ئاستی باڵیۆز بەرز بکاتەوە.
هەروەها لە چوارچێوەی پەیوەندییەکانی ئێران و ئیمارات، عەلی باقری جێگری سیاسی وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی سێ شەممە 13 ی حوزەیرانی 2023 سەردانی ئەم وڵاتەی کرد و لە گەڵ هاوتاکانی لە ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا لە ئەبوزەبی کۆبووە. کۆبوونەوەکەش پەیوەندی بە چەندین تەوەری نێوان ئەم وڵاتانە و دۆسیەی ناوەکی بووە.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە میانەی سەردانەکەی بۆ ئیمارات لە گەڵ شێخ محەممەد بن زاید سەرۆکی ئەم وڵاتە عەرەبییە کۆبووە. ئەمیر عەبدوڵڵاهیان بن زایدی بانگهێشت کرد کە سەردانی تاران بکات.
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان هەروەها لە کۆبوونەوەی لە گەڵ شێخ عەبدوڵڵا بن زاید وەزیری دەرەوەی ئیمارات ڕایگەیاند کە تاران هیچ سنورێک لە بەردەم پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لە گەڵ ئیمارات دانانێت، هەروەها داوای ئەوەشیکرد کە کۆمیسیۆنی باڵای هاوبەشی هەر دوو وڵات بەڕێوە بچێت.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆتا کاتژمێرەکانی ڕۆژی پێنج شەممە 22 ی حوزەیرانی 2023 گەیشتەوە تاران و بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند کە ئێمە لەو بڕوایەداین کە قۆناغی وتووێژمان لە ناوچەکە تێپەڕ کردووە و چووینەتە قۆناغی هاوکاری جۆربەجۆر و چەندقۆڵی.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی کە وەرزێکی نوێی هاوکارییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارس دەستیپێکردووە./.