بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەیمەن سوسان لە چاوپێکەوتنێکدا ڕەخنەی لە هەڵسووکەتی سیاسی گرووپە کوردییەکانی ئەم وڵاتە گرت و وتی کە ئەوان بوونەتە ئامرازی دەستی ئەمریکا.
ناوبراو وتی: گرووپە کوردییەکان لە بارودۆخێکی خەراپدان و هیچ دەسکەوتێکیان لە سوریادا نابێت، بەداخەوە کە ئەوەیان قبووڵ کردووە ببنە ئامرازی جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی ئەمریکا، ئەو پلانانەی کە تەنیا بە ئامانجی زیانگەیاندنە بە سوریا و یەکگرتوویی و یەکڕیزی گەلەکەی.
ئەو بەرپرسەی سوریا جەختیکردەوە کە کوردەکان بە بێ بوونی ئەمریکا هیچ پێگە و قورساییەکیان نییە و پرۆژەی جیابوونەوەی ئەوان لە سوریا سەرکەوتوو نابێت، لە بەر ئەوەی کە هەم خەڵک و حکومەت و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دژی ئەمەیە، لە لایەکی دیکەوە ئەو گرووپانە نوێنەرایەتی کوردانی سوریا ناکەن و کوردەکان بەشێکی جیانەکراوی نیشتمانی ئێمەن.
ئەیمەن سوسان وتی کە زۆربەی سەرکردەی گرووپە کوردییەکان خەڵکی سوریا نین و لە دەرەوەی ئەم وڵاتە و لە شاخەکانی قەندیلەوە هاتوونەتە وڵاتی ئێمە و لە ڕوانگەی ئەمریکییەکانیشەوە پێگەیەکیان نییە و تەنیا بوونەتە ئامرازێکی کاتی بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی ئەو وڵاتە./.