گەڕانەوەی پاشایەتی سعوودیە بۆ پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و کاریگەری دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی تاران – ڕیاز لە سەر ناوچەکە بە تایبەت لە ڕووی سیاسی و ئەمنییەوە پاش دابەزینی ڕۆڵ و کاریگەریی ئەمریکا، ڕەنگە بە گرنگترین پێشهاتی ناوچەکە لە یەک ساڵی ڕابردووش دابنرێت.
زۆربەی میدیا دژبەرەکانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بە شێوازی جۆربوجۆر هەوڵی بەلاڕێدابردنی گرنگیی ئەم سەردانەیان دەدا، بە تایبەت لە سەر گۆڕینی شوێنی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی وەزیرانی دەرەوەی ئێران و سعوودیە. بەڵام فەیسەڵ بن فەرحان لە چاوپێکەوتنی ئایەتوڵڵا ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران ئاماژەی بە چەند بابەتێک دا کە بە بەرەوپێشچوونی دۆخی سیاسی و ئەمنی ناوچەکە لە داهاتوویەکی نزیکدا دادەنرێت.
بن فەرحان لە چاوپێکەوتنی ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی کە هەندێک وڵات نایانەوێت ناوچەکەی ئێمە بە سەقامگیری و پێشکەوتن بگات. ناوبراو وتی کە پەیوەندییەکانی ئێستای ئێران و سعوودیە لە ئاستی سەرجەم وڵاتانی ئیسلامی، دەسکەوتی زۆری بە دواوە دەبێت و ئەوەش دەستەبەر دەکات کە هیچ وڵاتێکی بیانی نابێت دەستێوەردانی لە ناوچەکەی ئێمەدا هەبێت.
بۆ تێگەیشتن لە وتەکانی وەزیری دەرەوەی سعوودیە، پێویستە ئاماژە بە گۆڕانکارییەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەم وڵاتە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو بدرێت. ڕیاز بە تێگەیشتنی خۆی لە کەشی نێودەوڵەتی و لاوازبوونی سیستەمی تاک جەمسەریی ئەمریکا، سیاسەتی دەرەوەی خۆیی لە سەر بنەمای پشت نەبەستنی تەواو بە ئەمریکا و گەڕانەوە بەرەو ڕۆژهەڵات داڕشتووە.
لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوو پەیوەندییەکانی ڕیاز – واشنتن نەک تەنیا ساردبوونەوەی پێوە دیار بووە، بەڵکوو هەندێک کات تا سنوری کێشە و قەیرانیش ڕۆیشتووە. پێشوازی ساردی بن سەلمان جێنشینی سعوودیە لە جۆبایدن لە میانەی سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ ڕیاز، هاوکاری بەربڵاوی پاشایەتی سعوودیە لە گەڵ ڕووسیا و چین وەک دوو ڕکابەری بەهێزی ئەمریکا و گەیشتنی ئاستی پەیوەندییەکانیان بە قۆناغی ستراتیژی بە ڕوبەڕوبونەوەی ئاشکرای ڕیاز – واشنتن بە تایبەت لە دۆسیەی ئۆپێک پڵەس دادەنرێت. ئەمانەش پیشاندەری ئەو ڕاستییەن کە پەیوەندییەکانی ئەم دوو هاوپەیمانە ستراتیژییە بەرەو ساردبوونەوە ڕۆیشتووە.
سعوودیە لەم ماوەیەدا بەدەر لە نزیکبوونەوەی جیدی لە تاران، پەیوەندییەکانی لە گەڵ دیمەشق و حکومەتەکەی بەشار ئەسەد لە سوریا زیندوو کردووەتەوە و سەرۆک کۆماری سوریا بەشداریی لە کۆبوونەوەی لوتکەی کۆمکاری عەرەبی لە سعوودیە کرد. لە ڕاستیدا دەتوانین بڵێین کە سعوودیە هاندەری سەرەکی و هۆکاری گەڕانەوەی سوریا بۆ کۆمکاری عەرەبی بووە.
لە میانەی سەردانەکەی ئەم دواییەی ئەنتۆنی بلینکەن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ ڕیاز بوو کە ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە بن سەلمان و یاریدەدەرەکانی بە ڕاشکاوانە ڕایانگەیاندووە ناچار نین لە کێشە و ململانێکانی وڵاتانی زلهێزدا پاڵپشتی لە لایەنێک بکەن و ئامادەن تایبەتمەندییەکانی بوونی پەیوەندی لە گەڵ هەر یەک لەوان لە بەرچاو بگرن.
فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعوودیەش لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە گەڵ هاوتا ئەمریکییەکەی وتی کە چین گەورەترین هاوبەشی بازرگانی ئێمەیە و ئاساییە کە هاوبەشی و پەیوەندییەکی زۆرمان لە گەڵ پەکین هەبێت.
نیۆیۆرک تایمز لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا ڕایگەیاندووە کە تەنیا چەند ڕۆژ پێش سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ سعوودیە، جێنشینی ئەم وڵاتە پێشوازیی لە نیکۆلاس مادۆرۆ سەرۆک کۆماری ڤەنزوێلا کرد کە بە لای واشنتنەوە دەسەڵاتدارێکی دیکتاتۆرە.
نیۆیۆرک تایمز ڕایگەیاندووە کە لە ئەنجامی ڕێکەوتنی تاران و ڕیاز بە نێوەندگێڕی چین، تاران باڵیۆزخانەکەیی لە ڕیاز کردووەتەوە، هەروەها کۆنفرانسی گەورەی ئابوری و بازرگانیی چین و وڵاتانی عەرەبی لە سعوودیە بەڕێوەچوو.
ئەمەش تەواوی چیرۆکەکە نییە و واشنتن پۆست ئاشکرای کرد کە محەممەد بن سەلمان لە دۆسیەی ئۆپێک پڵەسدا بە ئاشکرا هەڕەشەی سەپاندنی سزایەکی گەورەی ئابوریی لە ئەمریکا کرد.
کۆی ئەم ڕووداوانە ڕەنگە بۆ ئەوانەی تەنیا هەوڵی مانەوەی جیهانێکی تاک جەمسەری دەدەن و بە لایانەوە تەنیا ئەمریکا سەرکردایەتی جیهان دەکات، خوازراو نەبێت، بەڵام لە ڕاستیدا پێمان دەڵێت کە هەژموونی ئەمریکا لە ناوچەکە بەرەو لاوازبوونی زیاتر دەڕوات./.