بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەسینە شەعبان بە توندی ڕەخنەی لە سیاسەتی دووفاقی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا گرت کە بە بیانووی مافی مرۆڤەوە بەکار دەهێندرێت.
ناوبراو لە میانەی بەشداری ئۆنلاین لە کۆنفرانسێکی تایبەت بە مافی مرۆڤ کە لە وڵاتی چین بەڕێوەچوو، وتی: ڕۆژئاوا پاش شەڕی دووەمی جیهانی ئەو بیرۆکەی هێناوەتە پێشەوە کە تەنیا هێزێکە نازیسمی لە ناو بردووە و لەو پێناوەدا ڕۆڵی یەکێتی سۆڤییەتی پێشووی کە 20 ملیۆن لە خەڵکەکەی گیانیان لە دەستدا، لەبیر کردووە.
ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری سوریا وتی: هەر لەو کاتەوە میدیاکانی ڕۆژئاوا هەوڵیاندا کە یەکێتی سۆڤییەت و هاوپەیمانەکانی بە دوژمنی ئازادی بناسێنن، میدیاکانی ڕۆژئاوا هەوڵ دەدەن وا پیشان بدەن کە ڕۆژئاوا تەنیا لایەنێکە کە گرنگی بە ئازادی، دیمۆکراسی و مافی مرۆڤ دەدات، هەر بۆیە ئەمریکا، فەرەنسا و بەریتانیا هەوڵیاندا بابەتە خوازراوەکانی خۆیان بە سەر ملیۆنان کەسدا لە سەرتاسەری جیهان بسەپێنن.
بەسینە شەعبان وتی: وڵاتانی ڕۆژئاوا لە گەڵ بانگەشەی دیمۆکراسی، بە ملیۆنان کەسیان لە سەرتاسەری جیهان کوشتووە و دیمۆکراسی تەنیا ئامرازێکی شاردنەوەی ئەو تاوانانە بووە، بەڵام لە سەرەتای سەدەی 21 هەموو شتێک بە دوو هۆکار بەرەو گۆڕانکاری ڕۆیشت: یەکەم، شەڕەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان و عێراق و لەناوبردنی لیبیا لە لایەن ناتۆوە و دووەم: بەهێزبوونی چین و ڕووسیا وەک دوو وڵاتی خاوەن ئایدۆلۆژیای نوێ.
ناوبراو جەختیکردەوە کە زۆربەی وڵاتانی جیهان هەوڵی جێگرەوەی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا دەدەن و وتی: ڕۆژئاوا لە ئێستادا هەنگاوی دوژمنکارانە و مەترسیداری هەیە تا هەژموونی خۆی بە سەر جیهاندا بپارێزێت و بە بیانووی مافی مرۆڤ ئەوەش دەکات.
وتیشی کە تێڕوانینی وڵاتانی ڕۆژئاوا بەراورد بە شەڕەکانی پێشووی مەترسیدارتر بووە، لە بەر ئەوەی کە مرۆڤایەتی کردووەتە ئامانج و بەم هۆیەوە دەبێت بۆ پاڵپشتی لە منداڵان لە بەرامبەر بیرکردنەوەی ژەهراویی ڕۆژئاوایی، هەڵوێستێکی بەکۆمەڵ بگیرێتەبەر./.