بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شێخ نەعیم قاسم جێگری ئەمینداری گشتی حیزبوڵڵای لوبنان لە چاوپێکەوتنی کەناڵی العالم، وەڵامی چەندین پرسیاری لە سەر ڕەوشی ناوچەکە داوەتەوە.
دەقی ئەو وتووێژە لە درێژەدا هاتووە:
ئایا پێشهاتەکانی ئەم دواییە بوونەتە هۆی گۆڕانکاری ڕیشەیی لە ئاستی ناوچەکە؟
گومان لەوەدا نییە کە ڕێکەوتنی ئێران و سعوودیە ناوچەکەی لە قۆناغێک بردووەتە قۆناغێکی دیکە و ڕوبەڕوی ستراتیژێکی نوێی کردووەتەوە کە بە پێی لێک تێگەیشتن و هاوکاری و سەقامگیری سیاسییە. ناوچەکە لە پاش ڕێکەوتنی تاران و ڕیاز، قەیرانی فەڵەستینی کردووەتەوە بە یەکەم پرسی ناوچەکە تا ڕێگری لە بەردەوامی داگیرکاریی ئەم وڵاتە بکات.
پاش ڕێکەوتنی ئێران و سعوودیە کام پرۆژە تووشی شکست بووە؟
ئەمریکا بە ڕاشکاوانە ڕایگەیاندووە کە لەم ڕێکەوتنە و گۆڕانکارییەکانی پاش ئەوە نیگەران و ناڕازییە. ئەمەش بەو واتایە دەبێت کە پرۆژەی ئەمریکییەکان لە ناوچەکە تووشی شکست بووە، ئەویش لە کاتێکدا کە واشنتن لە شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا و ئاڵۆزییەکانی لە گەڵ چیندایە. وڵاتانی ناوچەکە و بزوتنەوە ئازادیخوازەکان دەبێت لەم دەرفەتە لە پێناو بەرژەوەندییەکانی ناوچەکە کەڵک وەربگرن.
ئایا ڕێکەوتنەکەی ئێران و سعوودیە بە گڵۆپی سەوزی ئەمریکا کراوە؟ یان ئەوەی کە بە هۆی دابەزینی کاریگەری و دەستڕۆیشتوویی ئەمریکا لە ناوچەکە کراوە؟
ئەمریکییەکان لە ڕێکەوتنەکەی نێوان ئێران و سعوودیە ناڕازین، ئەمریکا داوای ئەم ڕێکەوتنەی نەکردووە، لە هەمان کاتدا ڕێگریش نەبووە، ئەڵبەت هۆکاری سەرەکی ئەم ڕێکەوتنە ئەوە بووە کە ڕیاز بەو ڕاستییە گەیشت کە ئەمریکا پارێزەری ڕاستەقینەی پرۆژەکانی سعوودیە لە ناوچەکە نییە و ناتوانێت لە ئەگەری ئاڵۆزبوونی ڕەوشی ناوچەکە، ئاسایشی ئەم وڵاتە دابین بکات.
سعوودیە لەو بڕوایەدایە کە بەردەوامی قەیران بە تایبەت لە یەمەن کێشە بۆ پرۆژەکەی بە ناوی ئاسۆی 2030 دەخوڵقێنێت و هەروەها بەردەوامی قەیران لە سوریا دۆخەکە تێک دەدات. بەدەر لەمەش ڕژێمی زایۆنیستی بووەتە کێشەیەک لە ناوچەکە و بووەتە هۆی ئەوەی کە درێژە بە هێرشەکانی لە دژی فەڵەستینییەکان بدات و هیچ هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە هەڵنەگرێت و هاوکات داوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لە گەڵ سعوودیە و وڵاتانی عەرەبیش بکات، بە بێ ئەوەی کە بیەوێت ئیمتیازێک بە فەڵەستینییەکان بدات. هەموو ئەمانەش پیشان دەدات کە سعوودیە بەوە گەیشتووە کە بەردەوامی دۆخی ڕابردوو بۆی گونجاو نییە و لە گەڵ ئاسۆی دیاریکراوی 2030 یەکناگرێتەوە.
سعوودییەکان سەرەڕای دژایەتی ئەمریکا لە گەڵ ئەمە، بەدەر لە ڕێکەوتن لە گەڵ ئێران، پەیوەندییەکانیان لە گەڵ چین و ڕووسیاش بەهێزتر کردووە کە بە پێچەوانەی خواستی ئەمریکییەکانە و واشنتن چیدی ناتوانێت ڕێگری لەمە بکات.
ئایا ئەمریکییەکان تەنیا بینەری ئەم گۆڕانکارییانە دەبن و ڕوبەڕوی ئەوە نابنەوە کە لە ناوچەکە ڕوو دەدات؟
ئەمریکا هیچ کات ئەوە قبووڵ ناکات کە ناوچەکە بە پێچەوانەی حەز و خواستەکانی بێت، هەر بۆیە هەوڵی دۆزینەوەی ئەو ڕێگایانە دەدات کە بتوانێت ڕێگری لە شکستی پرۆژەکانی بکات، بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە کە ئایا واشنتن توانای جێبەجێکردنی ئەوەی هەیە و ئایا توانای گۆڕینەوەی دۆخی ناوچەکەی لە بەرژەوەندی خۆیدا هەیە؟ ئەویش لە کاتێکدا کە دۆخێکی جیاواز ڕووی لەو کردووە، لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی ناکۆکیی هەیە و تووشی قەیرانی ئۆکراینا بووە و چەندین پرسی نێودەوڵەتی دیکەش. بە دووری دەزانم کە ئەمریکا بتوانێت گۆڕانکاری لە دۆخی ئێستای ناوچەکەدا بکات بەڵام بە دڵنیاییەوە هەوڵەکانی دەخاتەگەڕ کە بەربەست لە بەردەم لێک نزیکبوونەوەی زیاتری وڵاتانی ناوچەکەدا درووست بکات.
ڕێکەوتنەکەی تاران – ڕیاز چ کاریگەرییەکی لە سەر پەیوەندییەکانی حیزبوڵڵا و سعوودیە و دۆسیەی لوبنان دەبێت؟
هیچ پەیوەندییەک و لە هەمان کاتدا هیچ ئاڵۆزییەکان لە نێوان حیزبوڵڵا و سعوودیە بوونی نییە، هەر بۆیە ئەگەر ئەم ڕێکەوتنە دواتر کاریگەری لە سەر دۆخی لوبنان و پەیوەندییەکان لە گەڵ سعوودیە دابنێت، ئەگەری ئەوە لە ئارادایە، بەڵام ماوەیەکی دەبێت تا هەنگاوی دووقۆڵی بۆ بەرەوپێشچوون لە نێوان سعوودیە و ئێران هەڵبگیرێت.
ئەڵبەت لە ڕووی دەروونییەوە کاریگەریی لە سەر دۆسیەی لوبنان داناوە، ناوچەکە بە گشتی بەرەو سەقامگیری دەڕوات و شیاوی ئەوەیە کە ئەم سەقامگیرییە ڕەنگدانەوەی لە لوبنان هەبێت، بەڵام بە کردەوە شتێک ڕووی نەداوە.
کاتێک کە ناوچەکە بە دوو جەمسەری سەرەکی خۆی، واتە ئێران و سعوودیە، بگاتە ڕێکەوتنی نوێ و بە شێوازی کاریگەر جێبەجێ بکرێت، بە دڵنیاییەوە سوودی بۆ تەواوی وڵاتان و خەڵکی ناوچەکە دەبێت، لە بەر ئەوەی کە ئەم دوو وڵاتە کاریگەری زۆریان لە سەر دۆخی ناوچەکە هەیە./.