بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بۆ سعوودیە جارێکی دیکە لە ناوچەکە بووە هاوپەیمانی ئێران و ئەمەش بۆ ئێران چ واتایەکی دەبێت؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە گۆڤاری ئەمریکی ” فۆربس ” لە ڕاپۆرتێکی ئەم دواییەیدا هەوڵیداوە وەڵامی بداتەوە. ئەم ڕاپۆرتە لە لایەن Melik Kaylan نووسراوە. ناوبراو لە ساڵانی 2014 و 2015 دوو کتێبی بە ناوەکانی ” بەرەی ڕووسیا و چین؛ شەڕی ساردی نوێ و قەیرانی سەرکردایەتی ئەمریکا ” و ” گەڕانەوەی بۆ زستان: ڕووسیا، چین و شەڕی ساردی نوێ لە دژی ئەمریکا ” بڵاو کردووەتەوە.
کایلان لە سەرەتای ڕاپۆرتەکەیدا ڕایگەیاندووە کە گەڕانەوەی لەناکاوی سعوودیە بەرەو پەیوەندی دۆستانە لە گەڵ ئێران، هەمووانی تووشی شۆک کردووە. هەندێک بایدن بە تاوانباری ئەمە دەزانن و هەندێکی دیکە ڕێکەوتنەکەی نێوان ئێران و سعوودیە بە کەم بایەخ دەزانن و لەو بڕوایەدان کە سعوودیە زۆر لە ئێران نزیک نابێتەوە و ئەم ڕێکەوتنە، جۆرێک پەیوەندی ساردە. کایلان وا بیر ناکاتەوە کە ئەم ڕێکەوتنە تەنیا ئاشتییەکی سارد بێت و دەڵێت کە ” کێشەکە لەوەدایە کە سعوودیە هەنگاوی بەرەو ناسینەوەی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد لە سوریا ناوە کە هاوپەیمانێکی ئێرانە و لە لایەن تارانەوە پاڵپشتی دەکرێت و وڵاتانی دیکەی عەرەبی ناوچەی کەنداوی فارس درێژە بەم سیاسەتەی ڕیاز دەدەن “. ناوبراو لە درێژەدا ڕایگەیاندووە کە ” ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ئێران و قبووڵکردنی چالاکانەی نزیکترین هاوپەیمانی ئێران (سوریا)، بێلایەنی سعوودیە پیشان نادات “. پرسیار ئەوەیە کە چ ڕوویداوە و بۆ سعوودییەکان بەم هەڵسووکەوتەیان لە بەرامبەر ئێران، گۆڕانکارییان لە هێڵەکانی هێزی ناوچەکە کردووە؟
لە درێژەی ئەم ڕاپۆرتەدا هاتووە: ” هۆکاری سەرەکی لەم هاوکێشەیە، ئیسرائیلە. بە تایبەت بە پێی هەلومەرجی نوێی حکومەتەکەی نتانیاهۆ. دەبێت بڵێین کە گەورەترین دۆڕاوی ئەم هاوکێشەیەش ئیسرائیلە. ئەویش لە کاتێکدایە کە نتانیاهۆ دەیەوێت کەرتی خۆرئاوا بە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی تەل ئەبیبەوە بلکێنێتەوە “.
لە ڕاپۆرتەکەی کایلاندا هاتووە کە ” لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوو، پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینییەکان ڕووی لە ئاڵۆزییەکی زۆر کردووە. سعوودییەکان ئەمەیان پێشبینی دەکرد و بەم پێیەش ڕایانگەیاندبوو کە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ئیسرائیل دوو مەرجی هەیە. یەکەم، چارەسەرکردنی کێشەی فەڵەستینییەکان و دووەم، دەستەبەرکردنی پلانێکی ئەمنی ناوەکی لە لایەن ئەمریکاوە. بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە بنەماڵەی دەسەڵاتداری سعوودیە بەردەوام نیگەرانی شەرعییەت و مانەوەی خۆیانە و گرنگتر لەوەش، ڕۆڵی ئەوان وەک سەرکردایەتی جیهانی ئیسلام و جیهانی عەرەبییە. ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ئیسرائیل، سعوودیە ڕوبەڕوی گوشارێکی زۆر دەکاتەوە. لە گەڵ ئەمەشدا، ئێران وەک لایەنگری فەڵەستینییەکان و دژی ئیسرائیل لە بەرچاو بگرن. ئەم ڕۆڵەی ئێران ساڵانێکە لە لایەن حەماس، حیزبوڵڵا و سوریاوە جێبەجێ دەکرێت “. ” هەر بۆیە ڕاپەڕینی فەڵەستینییەکان لە بەرژەوەندی ئێرانە و ئەگەر سعوودیەش پەیوەندییەکانی لە گەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە، زیان بە پێگەی وەک سەرکردایەتی جیهانی ئیسلام و عەرەب دەگات. محەممەد بن سەلمان پێشتر دەستپێشخەرییەکی بۆ پەیوەندی لە گەڵ ئیسرائیل پێشکەش کردبوو و ئەمەش بووە هۆی لاوازبوون و نەفرەتێکی زۆر لە ناوبراو “.
بە بۆچوونی کایلان، یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی نزیکبوونەوەی سعوودیە لە ئێران، هۆکاری جیۆپۆلتیکی و وزەیە. ناوبراو ڕایگەیاندووە کە ” لە دوورمەودا، ئەمریکا هەوڵی دوورکەوتنەوە لە نەوت دەدات و ئەمەش دەبێتە هۆی لاوازبوونی پاڵپشتی لە هاوپەیمانیە نەوتییەکانی لە گەرمەی قەیرانەکانی ناوچەکەدا. ئەم پرسە هۆکاری داواکاری چەند دەیەی سعوودیە لە ئەمریکا بۆ وزەی ناوەکی بووە بەڵام ئەمریکا هیچ کات بەڵێنی بەم وڵاتە نەداوە “.
لە کۆتایی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە ” کاتێک سعوودییەکان سەیری ناوچەکە دەکەن، دەبینن کە ڕکابەرەکانیان وەک ئێران و ڕووسیا حەزیان لە نەوتە، وەک چۆن کە چینیش وەهایە و خاڵی گرنگتر ئەوەی کە هەمووی ئەوان، واتە ئێران، ڕووسیا و چین، لە یەک بەرەدان و لە ڕووی سیاسییەوە لێک نزیکن. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەمریکا درێژە بە دەستێوەردانەکانی لە کاروباری جیهان لە ڕێگاکانی وەک مافی ژنان و کەمینەکان دەدات. لە ئەنجامی ئەمەش بۆ ناوچەکە، هاوپەیمانییەکی دژ بە ئەمریکا یەک ڕێگایە و محەممەد بن سەلمان دەتوانێت کەڵکی لێوەربگرێت “./.