بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆبوونەوەی لە گەڵ زیاد نەخالە ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین و شاندی یاوەری، ڕژێمی ڕەگەزپەرستی زایۆنیستیی بە سەرچاوەی سەرەکی کێشە و ناسەقاگیری ناوچەکە ناو برد و داوای لە وڵاتانی ئیسلامیش کرد لە دژی زایۆنیستەکان و بۆ پاڵپشتی لە قودس و گەلی فەڵەستین، هەنگاوی یەکگرتوو و کاریگەر هەڵبگرن.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان بە ئاماژە بە ڕۆڵی شەهید حاجی قاسم سولێمانی لە پاڵپشتیکردنی گەلی فەڵەستین، وتی: لە بیر و هزر و هەوڵی ڕاستگۆیانەی شەهید سولێمانی، پتەوکردنی یەکڕیزی نێوان وڵاتانی ئیسلامی، نەهێشتنی هەڕەشەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە سەر وڵاتانی ئیسلامی و بەرەنگاربوونەوەی ئەمریکا بابەتی سەرەکی بووە و سەبارەت بە فەڵەستینیش وەک چۆن کە ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران جەختیان لە سەر کردووەتەوە، شەهید سولێمانی گرووپەکانی خۆڕاگریی لە بەرامبەر ڕژێمی زایۆنیستی و پاڵپشتییەکانی ئەمریکا پڕچەک کرد.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: بەرهەمی تێکۆشان و گیانفیدایی شەهید سولێمانی بووەتە ڕووناکی ڕێگای زۆربەی وڵاتان و گەلانی ناوچەکە بۆ ئەوەی کە چارەنووسی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە لە دەستی خۆیان بێت و ناوچەکە بە بێ دەستێوەردانی وڵاتانی بێگانە هەنگاو بەرەو گەشەسەندن بنێت.
هەر لەو کۆبوونەوەدا زیاد نەخالە ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستینیش بە ئاماژە بە ڕەوتی گۆڕانکارییەکانی فەڵەستین و ناوچە داگیرکراوەکان، جەختیکردەوە کە گرووپەکانی خۆڕاگری فەڵەستین لە ڕووی ئامادەییەوە لە باشترین هەلومەرجی ڕوبەڕوبونەوەی زایۆنیستەکاندان و دەتوانن بە کەڵک وەرگرتن لە پاڵپشتی گەلی فەڵەستین، لە بەرامبەر هەر دەسدرێژییەکی ڕژێمی زایۆنیستی خۆڕاگری بکەن و سەرکەوتنی گەورەش بخوڵقێنن./.