بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا وێڕای دەربڕینی خۆشحالی خۆی لە سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی سعوودیە بۆ تاران، وتی: لە کۆبوونەوەم لە گەڵ وەزیری دەرەوەی سعوودیە خۆشحاڵم و بەختەوەرم کە لە پاش 100 ڕۆژ لە واژۆکردنی ڕێکەوتن لە تاران کۆبووینەوە.
ناوبراو وتی: دەستخۆشی لە هاوکارییەکانی سعوودیە دەکەم بۆ کردنەوەی باڵیۆزخانەی ئێران و نووسینگەی ئێران لە ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی و ئێمەش لە بەرامبەردا ئامادەکاریمان بۆ پێشوازی لە سەردانی هاووڵاتیانی سعوودیە بۆ ئێران کردووە.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی: ئێمە سەبارەت بە گرنگی پێکهێنانی کۆمیتەی هاوبەشی سیاسی، ئابوری، سنوری و بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان بە تایبەت هاوکاری لە بواری ژینگە گەیشتوونەتە ڕێکەوتن.
وەزیری دەرەویە ئێران وتی کە ئێمە و سعوودیە سەبارەت بە پاڵپشتی لە گەلی زوڵملێکراوی فەڵەستین بۆچوونی هاوبەشمان هەیە.
بن فەرحان: باڵیۆزخانەی سعوودیە لە ئێران دەکرێتەوە
وەزیری دەرەوەی سعوودیەش لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا وتی کە وتووێژی ئەرێنی و شەفافم لە گەڵ ئەمیر عەبدوڵڵاهیان هەبووە و ئەم کۆبوونەوەش لە درێژەی کۆبوونەوەکانی پێشوو و ڕێکەوتنەکەی پەکیندا بووە.
بن فەرحان وتی: ئێمە هەوڵ دەدەین درێژە بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بدەین، باڵیۆزخانەی ئێران لە ڕیاز کراوەتەوە و باڵیۆزخانەی سعوودیەش لە تاران لە داهاتوویەکی نزیکدا دەکرێتەوە.
ناوبراو وتی: هیوادارین ئاسۆی هاوکارییەکانی نێوان هەر دوو وڵات لەمەش زیاتر بێت و بەرژەوەندییەکانی هەر دوو لا دابین بکات و هەروەها هیوادارین کە دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکان کاریگەری ئەرێنیی لە سەر ناوچەکە و جیهانی ئیسلام بە گشتی هەبێت./.