بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، زیاد فازڵ وەزیری کارەبای عێراق ڕایگەیاند کە قەرزی هاوردەی غازی ئێران ڕادەستی ئەم وڵاتە کراوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی ئێرانی باسیان لە قەرزی زیاتر لە 10 ملیار دۆلار کردووە و لە هەفتەی ڕابردووش ڕاگەێندرا کە ئەمریکا موڵەتی دانەوەی 2 ملیار و 700 ملیۆن دۆلاری لەو قەرزانە بە حکومەتی عێراق داوە.
وەزیری کارەبای عێراق ڕایگەیاند کە ئەم وڵاتە لە ئێستادا 24 هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەم دێنێت کە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو لە سەدا 22 بەرزبوونەوەی هەیە.
ناوبراو وتی کە لە 20 ساڵی ڕابردووەوە بە هۆی شکستی پلان و پرۆژەکانەوە کێشەی کارەبای عێراق چارەسەر نەکراوە.
زیاد فازڵ وتی کە حکومەتی عێراق پرۆژەیەکی تۆکمەی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا و کەڵک وەرگرتن لە سەرجەم یەکە وەبەرهێنەرەکان ئامادە کردووە.
ناوبراو وتی کە کەمبوونەوەی ڕێژەی هەناردەی غازی ئێران وایکردووە کە وەبەرهێنانی کارەبا لە عێراق ڕوو لە دابەزین بکات.
وتیشی کە لە بەغدا 6 هەزار و 400 مێگاوات کارەبا بەرهەم دێت و بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ هاووڵاتیان، پێویست بە 34 هەزار مێگاوات لە سەرتاسەری عێراق دەکات./.