بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شارەزایانی ئاگادار لە کاروباری سوریا بە ئاماژە بە زیاتربوونی جموجوڵەکانی ئەمریکا لە باکوری سوریا و هەوڵەکانی ئەم وڵاتە بۆ مەشق و ڕاهێنان و دووبارە ڕێکخستنەوەی تیرۆریستان، ڕایانگەیاندووە کە چین و توێژەکانی خەڵک بۆ دەرکردنی هێزەکانی داگیرکاری ئەمریکا ئامادەییان هەیە کە پێدەچێت تێکشکانی کۆپتەرە سەربازییەکەی ئەمریکا لە ئاکامی ئەم چالاکییانەی خەڵکی سوریا بێت.
” سەمیر حەسەن “ توێژەری سیاسی عەرەب بە ئاماژە بە دیوی پشتەوەی چالاکی و پیلانگێڕییەکانی ئەمریکا لە سوریا ڕایگەیاند: سوپای ئەمریکا گرووپە چەکدارەکان لە تەنەف و ناوچەکانی دیکەی داگیرکراو دیسانەوە چالاک دەکات و ئەوان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی گەلی سوریا ئامادە دەکات.
ناوبراو وتی: ڕووداوی تێکشکانی کۆپتەرە ئەمریکییەکە کە بووە هۆی برینداربوونی 22 کەس لە هێزەکانی ئەم وڵاتە، تێڕوانینەکانی لە سەر ڕوبەڕوبونەوەی ئەمریکییەکان لە لایەن گەلی سوریاوە زیاتر کردووە. پرسیار ئەوەیە کە چی ڕوویداوە ئەمریکییەکان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی خەڵک بەم شێوازە پەنای بردووەتە پیلانگێڕی و ڕێکخستنەوەی تیرۆریستان؟
ئەو توێژەرە عەرەبە سەبارەت بە تێکشکانی کۆپتەرە ئەمریکییەکە لە سوریا وتی کە سەرەڕای بەردەوامی جموجوڵەکانی ئەمریکا لە باکوری سوریا و بە نهێنی هێشتنەوەی وردەکارییەکانی ئەم ڕووداوە، پێشبینی دەکرێت وەها ڕووداوێک دووبارە ببێتەوە.
سەمیر حەسەن ڕایگەیاندووە کە سەرەڕای حاشاکردنی ئەمریکییەکان و بڵاونەکردنەوەی ئەوەی کە لە باکوری سوریا ڕووی داوە، پێدەچێت کە خۆڕاگری سوریا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەمریکییەکان پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێ کە تا ئێستا زۆر وردەکاریی لە سەر بڵاو نەبووەتەوە و ئەمریکییەکانیش زۆر باسی زیانەکانی خۆیان نەکردووە.
لیوا ” هەیسەم حەسون “ شارەزا لە کاروباری سەربازی و ستراتیژیی سوریاش ڕایگەیاندووە کە دوو ڕووداوی مانگی ڕابردوو جێی تێڕامانە، یەکەم برینداربوونی 23 سەربازی ئەمریکی و ئەوی دیکە ڕووداوی تێکشکانی کۆپتەرە سەربازییەکە و برینداربوونی 22 سەربازی دیکە لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا.
ناوبراو وتی: لایەنەکانی دژبەری ئەمریکا ڕووداوی یەکەمیان لە ئەستۆ گرت و ئەمریکاش دانی بەوەدا نا ئەوەی کە ڕوویداوە هەوڵێکی دوژمنکارانە بووە.
وتیشی کە ڕووداوی کۆپتەرە سەربازییەکەش دەکرێت ئەنجامی کێشەی تەکنیکی بێت یان کرابێتە ئامانجی هێرشێکی سەربازی. بەڵام ئەمریکا دانی بەمەدا نەناوە کە هێرشی کرابێتە سەر لە بەر ئەوەی کە پێویستی بە گۆڕینی سیاسی و ستراتیژی خۆی لە ناوچەی تەنەف و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەبێت.
حەسون وتی کە ئەم ڕووداوە پێویستی بە تێپەڕبوونی کات هەیە تا لایەنێک بەرپرسیاریەتییەکەی لە ئەستۆ بگرێت یان هێزە داگیرکارەکانی ئەمریکا وردەکارییەکەی بخەنەڕوو.
هاوکات ” ماجد نیعمە “ نووسەری سیاسی عەرەب ڕایگەیاندووە کە ڕووداوی تێکشکانی کۆپتەرە سەربازییەکەی ئەمریکا لە باکوری سوریا بە کێشەی تەکنیکی بێت یان هێرشی سەربازی، ئەنجامەکەی یەکسان دەبێت.
ناوبراو وتی کە زیانەکانی ئەمریکییەکان لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بە هۆی بوونی نایاساییەوە، ڕووی لە زیادبوونە.
ماجد نیعمە بە ئاماژە بەوەی کە سەد کەس لە ئەندامانی کۆنگرێس و ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا دەنگیان بە کشانەوەی هێزەکانی ئەم وڵاتە لە سوریا داوە، وتی: ئەمریکا بە بێ موڵەتی ئەنجومەنی نوێنەران و پیران لە سوریایە.
ناوبراو پێشبینی ئەوەیکرد کە چالاکییەکانی خۆڕاگری سوریا لە دژی ئەمریکییەکان زیاتر ببێت و دەتوانێت زیانە مرۆییەکانی ئەوان زیاتر بکات و ئەمەش هەمان بابەتە کە لە ناوخۆی ئەمریکا هۆشدارییەکی زۆری لە سەر دراوە. بۆ نموونە، ڕۆبرت بارت باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە دیمەشق، ئەو کاتەی کە وتی هەر کات 20 یان 30 تەرم بۆ ئەمریکا گەڕایەوە، ئەم وڵاتە دەبێت لە سوریا بکشێتەوە./.