بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئاژانسی بلۆمبێرگ لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە ئێران لە ئێستادا زیاترین هەناردەی نەوتی خاو بەراورد بە 5 ساڵی ڕابردوو هەناردە دەکات و بوونی خۆی سەر لە نوێ لە بازاڕی جیهانی وزەدا دەسەلمێنێت.
بە پێی ڕاگەیاندنی دامەزراوەکانی وەک ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە، ڕێژەی هەناردەی نەوتی ئێران لە ئێستادا گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی ئەو کاتەی کە لە ساڵی 2018 دیسانەوە سزاکانی ئەمریکا دەستیپێکردووەتەوە و زۆربەی نەوتەکەش هەناردەی وڵاتی چین وەک گەورەترین هاوردەکاری نەوتی جیهان دەکرێت.
ئەم دۆخەش پیشان دەدات کە ئێران بە باشترکردنی پەیوەندییەکانی لە گەڵ ڕکابەرە ناوچەییەکان و هەروەها لە گەڵ چین وەک زلهێزی پێشەنگی ئاسیا، دیسانەوە هەوڵی سەلماندنی تواناکانی خۆی دەدات.
لە ڕاپۆرتەکەی بلۆمبێرگدا هاتووە، سەرەڕای بەردەوامبوونی سزاکانی ئەمریکا، بارە نەوتییەکانی ئێران لە پاییزی ڕابردوو دوو هێندە زیادی کردووە و لە مانگی ئایار گەیشتووەتە یەک ملیۆن و 600 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە.
دامەزراوەی ڕاوێژکاریی وزە SVB و FGE لەو بڕوایەدان کە ڕێژەی وەبەرهێنانی ئێران لەمەش زیاترە و ڕەنگە لە 3 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانەش زیاتر ببێت.
بەرزبوونەوەی هەناردەی نەوتی ئێران کە بە هۆی گەمارۆکانی سەردەمی دوناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکاوە ڕووی لە دابەزینی بەرچاو کردبوو، دەتوانێت یارمەتیدەری ئابوریی ئەم وڵاتە بێت./.