بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شەڕی نێوان سوپای سودان بە فەرماندەیی عەبدولفەتاح بورهان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بە فەرماندەیی محەممەد حەمدان لە 15 ی نیسانی 2023 تا ئێستا بەردەوامە.
ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا لە سەر زاری بەرپرسانی یۆنیسێف ڕایگەیاندووە کە زیاتر لە یەک ملیۆن منداڵی سودانی لەم شەڕەدا ئاوارەبوون و 330 منداڵیش کوژراون و زیاتر لە 1900 منداڵی دیکەش بریندار بوون.
سندۆقی منداڵانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشدارییداوە کە ژمارەیەکی زۆر لە منداڵانی سودان ڕوبەڕوی مەترسییەکی گەورە بوونەتەوە.
عەمار عەمار وتەبێژی ناوچەیی یۆنیسێف لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە منداڵان نیوەی دانیشتووانی سودان پێک دێنن، ژمارەی دانیشتووانی سودان 45 ملیۆن کەسە و یۆنیسێف هەر کەسێک کە تەمەنی لە خوار 18 ساڵییەوە بێت بە منداڵ هەژمار دەکات.
یۆنیسێف لە کۆتایی مانگی ئایاریش هۆشداریی دابوو کە زیاتر لە 13 ملیۆن و 600 هەزار منداڵی سودانی پێویستیان بە هاوکاری مرۆڤدۆستانە هەیە.
سندۆقی منداڵانی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وێڕای دەربڕینی نیگەرانی سەبارەت بە هەرێمی دارفۆر لە سودان کە یەک لە سەر چواری ڕوبەری ئەم وڵاتە لە خۆ دەگرێت، ڕایگەیاندووە کە پچڕانی هێڵەکانی ئینتەرنێت و نەبوونی ڕێگای گەیشتن بەم هەرێمە وایکردووە کە کۆکردنەوەی زانیارییەکی ڕاست و درووست لە دۆخی ژیانی دانیشتووانەکەی ئەستەم بێت./.