بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە 14 ی حوزەیرانی 2023 لە چاوپێکەوتنی زیاد نەخالە ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین، وێڕای پیرۆزبایی سەرکەوتنی جیهادی فەڵەستین لە شەڕی ئەم دواییەی غەززە، هەلومەرجی ئەمڕۆی ڕژێمی زایۆنیستییان بەراورد بە 70 ساڵی ڕابردوو زۆر بە جیاواز ناو برد و جەختیان کردەوە: دوژمنی زایۆنیستی ئەمڕۆ لە پێگەیەکی لاوازدایە و ئەم هەلومەرجەش پیشان دەدات گرووپەکانی خۆڕاگری و جیهادی ئیسلامی فەڵەستین بە درووستی ڕێگاکەیان ناسیوە و بە زانینەوە لەم ڕێگایەدا بەرەوپێش دەڕۆن.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران جەختیان لەوە کردەوە لە ئامانج و ئیش و کارە گەورەکاندا تا ئەو کاتەی ڕوبەڕوی مەترسییەکان نەبیتەوە، گەیشتن بەو ئامانجانە مسۆگەر نابێت و وتیان: ئەمڕۆ بە یارمەتی خودای گەورە و تێکۆشانی گرووپەکانی خۆڕاگری فەڵەستین و جیهادی ئیسلامی، هێزی گەلی فەڵەستین زیاتر بووە و شکستی ئەم دواییەی ڕژێمی زایۆنیستی لە شەڕی 5 ڕۆژە بەڵگەیە لە سەر ئەم بابەتە.
بەڕێزیان وتیان: جیهادی ئیسلامی فەڵەستین لە شەڕی ئەم دواییەی غەززە تاقیکردنەوەیەکی باشی هەبوو و ئێستا هەلومەرجەکە بۆ ڕژێمی زایۆنیستی بەراورد بە 70 ساڵی پێشوو گۆڕانکاری بە سەردا هاتووە و سەرکردەکانی ڕژێمی زایۆنیستی مافی ئەوەیان هەیە نیگەرانی نەدیتنی 80 ساڵەیی ئەم ڕژێمە بن.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی وتیان کە بەهێزبوونی زیاتری گرووپەکانی خۆڕاگری لە کەرتی خۆرئاوا کلیلی سەرەکی شکستی ڕژێمی زایۆنیستییە کە ئەم ڕێگایە دەبێت بەردەوام بێت.
لەو چاوپێکەوتنەدا زیاد نەخالە ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین، وێڕای ستایشی هاوکارییە بەردەوامەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ گەلی فەڵەستین و خەباتی ڕەوای ئەوان، ڕاپۆرتێکی لە سەر گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی فەڵەستینی داگیرکراو بە تایبەت شکستی ڕژێمی زایۆنیستی لە شەڕی 5 ڕۆژەی غەززە و دۆخی کەرتی خۆرئاوا و باڵادەستیی گرووپەکانی خۆڕاگری خستەڕوو و وتی کە جیهادی ئیسلامی لە شەڕی غەززە سەربەرزانە هاتە دەرەوە و هیوادارین لە داهاتوویەکی نزیکدا سەرکەوتنی کۆتایی و ئازادی قودسی پیرۆز ببینین./.