بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە نێو جوانییەکانی شاری شیراز (ناوەندی پارێزگای فارس لە ئێران)، قەڵای کەریمخان یەکێک لە بەناوبانگترین بیناکانە. ئەم بینا بەشکۆیە کە لە ناوەڕاستی شاری شیرازدایە، لە ئاسەوارە بەجێماوەکانی سەردەمی زەندییەکانە کە لە لایەن کەریمخانی زەند ناسراو بە ” وکیل الرعایا ” لە ساڵی 1180 ی کۆچی مانگی درووست کراوە. ئەم قەڵایە شوێنی حکومەت و ژیانی کەریمخان بووە و بەم هۆیەوە بە قەڵای کەریمخانی ناسراوە. ئەم قەڵایە لە ساڵی 1351 ی کۆچی لە ڕیزی ئاسەوارە نیشتمانییەکانی ئێراندا تۆمار کراوە.
ناساندنی قەڵای کەریمخانی شیراز
قەڵای کەریمخانی یان گرتووخانەی کەریمخان لە شوێنە گەشتیارییەکانی شاری شیرازە. ئەم بینا بەشکۆ و جوانە لە لایەن کەریمخانەوە لە ساڵی 1180 ی کۆچی درووست کراوە. ناوبراو پاش گەیشتنی بە دەسەڵات و هەڵبژاردنی شیراز بۆ شوێنی حکومڕانییەکەی، بڕیاریدا وەک گۆڕەپانی نەخشی جیهانی ئەسفەهان، گۆڕەپانێکی گەورە لە باکوری شیرازی کۆن بونیاد بنێت. ئەو گۆڕەپانە لە ڕابردوودا ناوی تۆپخانە بووە کە لە بەشی باکورییەوە دیوانی کەریمخان، لە بەشی ڕۆژهەڵاتەوە گۆڕەپانی بازاڕی وەکیل و چەندین کاروانسەرا، لە باشوری گۆڕەپانەکەوە حەمام و مزگەوتی وەکیل، لە باشوری ڕۆژئاواوە باخ و لە ڕۆژئاوای گۆڕەپانەکەوە قەڵا و بینایەکی دیکە بوونی هەیە.
قەڵای کەریمخانی لە قۆناغە جیاجیاکاندا بۆ مەبەستی جیاجیا بەکار هێنراوە. سەردەمێک شوێنی ژیان و حکومەتداری کەریمخانی زەند بووە. پاش کۆنتڕۆڵکردنی شیراز لە لایەن ئاغا محەممەدخانی قاجاڕەوە، بە هۆی ئەو دوژمنایەتییەی لە گەڵ کەریمخان هەیبووە، فەرمانی ڕووخاندنی بەشێک لە بیناکانی دەرکرد. خۆشبەختانە بینای قەڵاکە پارێزراوە.
لە سەردەمی قاجاڕ دەسەڵاتداران بە پێی حەز و خواستی خۆیان دەستکاری بینای قەڵاکەیان کردووە، بۆ نموونە لە حەوشەکەیدا چەندین بیانی دیکە درووست کرا کە لە گەڵ بینای قەڵاکە یەکیان نەدەگرتەوە، ئەوان هەروەها نەخش و نیگاری سەردەمی زەندییەیان داپۆشی و شوێنیان بە شتی دیکە پڕ کردەوە.
قەڵای کەریمخانی لە سەردەمی پاڵەوی چارەنووسێکی دیکەی هەبوو و لە ساڵی 1310 ی کۆچی هەتاوی بە درووستکردنی هێزەکانی ئاسایش بووە گرتووخانەی ئەو هێزانە و بەم هۆیەوە زیانێکی زۆری بەرکەوت، بۆ نیشتەجێکردنی زیندانییەکان تەلارەکانی ئەم قەڵایەیان کردە دوو نهۆمی و بە چەندین ژووری نوێیان لێدا. نەخش و نیگارەکانی سەردەمی قاجاڕیان داپۆشی و چەندین گۆڕانکاری دیکە.
لە ساڵی 1350 ی کۆچی هەتاوی ئەم قەڵایە درایە فەرمانگەی ڕۆشنبیری و هونەری ئەو کاتە و بووە شوێنی نووسینگەی تەکنیکی پاراستنی ئاسەوارە مێژووییەکان. لە ئێستاشدا لە ژێر چاودێری وەزارەتی میراتی کەلتوری، پیشەسازی دەستی و گەشتیاریدایە و وەک مۆزەخانەی گەورەی فارس دەناسرێت. قەڵای کەریمخانی لە بەرواری 14 ی جۆزەردانی ساڵی 1351 ی کۆچی هەتاوی بە ژمارە 918 لە ڕیزی ئاسەوارە نیشتمانییەکانی ئێراندا تۆمار کراوە.
دیزاینی قەڵای کەریمخانی دوو بەشی سەربازی و نیشتەجێبوون لە خۆ دەگرێت، ڕوبەرەکەی 13 هەزار مەتری چوارگۆشە و 4 هەزار مەتری چوارگۆشەی کراوەتە بینا.
لە درووستکردنی ئەم بینایەدا کەڵک لە شێوازی بیناسازی ئەسفەهانی وەرگیراوە، لە دەرەوە ڕەنگە بە سادەیی ببینرێت بەڵام لە بەشی ناوەوە جوان و ڕازاوەیە.
بەشی نیشتەجێبوونی قەڵای کەریمخان سێ بەشی باکور، باشور و ڕۆژئاوا لە خۆ دەگرێت.
لە ڕازاندنەوەی بەشی ناوخۆیی تەلار و ژوور و هۆڵەکانی ئەم قەڵایە کەڵک لە نەخش و نیگارەکانی سەردەمی سەفەوی وەرگیراوە./.