بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەلیڕەزا عەنایەتی لە چاوپێکەوتنی کەناڵی العالم، سەبارەت بە پەیوەندییەکانی ئێران و سعوودیە و چەند پرسێکی پەیوەندیدار بۆچوونی خۆیی دەربڕی.
دەقی ئەو وتووێژە لە درێژەدا هاتووە:
ئێران و سعوودیە ڕێکەوتنی دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانیان واژۆ کردووە، لە پاش چەندین مانگ لە واژۆکردنی ئەو ڕێکەوتنە، دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵات گەیشتووەتە چ قۆناغێک؟
لە بەرواری 10 ی مانگی ئازار بەیاننامەیەک لە شاری پەکین سەبارەت بە ئیرادەی کۆماری ئیسلامی ئێران و سعوودیە بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکان دەرکرا و پاش ئەوەش هەر دوو وڵات چەندین هەنگاویان بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێکەوتنە هەڵگرت.
بەیاننامەکە جەختیکردەوە کە هەر دوو وڵات دەبێت ڕێکەوتنەکە لە ماوەی دوو مانگدا جێبەجێ بکەن. پاشان لە ماوەی کەمتر لە یەک مانگدا وەزیرانی دەرەوەی ئێران و سعوودیە لە پەکین کۆبوونەوە و دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکان بە فەرمی ڕاگەێندرا، ئەمەش هەنگاوی یەکەم بوو.
هەنگاوی دووەم هەوڵەکانی هەر دوو وڵات بۆ کردنەوەی باڵیۆزخانەکان و کۆنسووڵخانەکانە. نوێنەرایەتییەکانی ئێران لە مانگی ڕابردوو بە شێوازی نافەرمی چالاکییەکانیان دەستپێکرد، ئەویش بە ئامانجی هەوڵەکانی ئێران بۆ دابینکردنی خێرای خزمەتگوزاری بە حاجییەکانی ئەمساڵ. دواتر ئەو نوێنەرایەتییانە بە فەرمی کرانەوە.
کاتێک کە واژۆکردنی ڕێکەوتنەکە ڕاگەێندرا، ئەوە باس کرا کە بە چاودێری چین کراوە. ڕۆڵی پەکین لە دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئێران و سعوودیە و واژۆکردنی ئەو ڕێکەوتنەدا چی بووە؟
لە ڕاستیدا چین میوانداریی لە کۆبوونەوەکە کرد و بەرپرسانی ئەو وڵاتە بیرۆکەی ئەوەیان خستەڕوو کە درێژە بە دانوستانەکانی نێوان ئێران و سعوودیە لە عێراق و عۆمان بدەن و ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداری لەم چوارچێوەدا ڕاگەیاند.
لایەنی ئێرانی هەموو کات جەختی لە سەر ئامادەیی خۆی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ کردووەتەوە و پێی وایە کە ئەمە لە چوارچێوەی هەمان سیاسەتی بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانە کە ئایەتوڵڵا ڕەئیسی لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەکەیەوە بەردەوام هەوڵی بۆ داوە. کاتێک کە سعوودیە ئامادەیی خۆیی بۆ بەشداری لەم چوارچێوەدا دەربڕی، کۆماری ئیسلامی ئێرانیش بە هەمان شێوە پێشوازی کرد و ئامادەیی خۆیی ڕاگەیاند. لە ڕاستیدا ئەوەی کە ڕوویدا ئەنجامی دانوستانەکانی بەغدا و مەسقەت بووە.
سەبارەت بە پرسی ئابوری و وەبەرهێنان و ئاسایش، چەندین ڕێکەوتن لە نێوان هەر دوو وڵاتدا کراوە، ئەم ڕێکەوتنانە بە کوێ گەیشتوون؟
ئێمە لە سەرەتای ڕێگەکەداین و بۆ مسۆگەربوونی ئەو پێشنیار و بۆچوون و بیرۆکانەی کە لە ماوەی سێ مانگدا بۆ داڕشتنی چوارچێوەی پەیوەندییەکان خرانەڕوو، هەوڵ دەدەین و ڕاستییەکە ئەوەیە کە پەیوەندییەکانی ئێران و سعوودیە چەند لایەنە و لە بەشە جیاجیاکانی سیاسی، ئابوری، ئەمنی، کۆمەڵایەتی، بازرگانی، کەلتوری و کۆنسووڵییە و هەموو ئەم بەشانە بە یارمەتی خودای گەورە و بە ئیرادەی بەرپرسانی باڵای هەر دوو وڵات چالاک دەبێت و ئەرکی گەشەپێدانی ئەم پەیوەندییانەش خراوەتە ئەستۆی بەرپرسانی هەر دوو حکومەتی ئێران و سعوودیە.
ئێمە چەندین هەنگاومان سەبارەت بە گەیشتن بە ڕێکەوتنێکی گشتگیر لە نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و سعوودیە هەڵگرتووە و لەو بەیاننامەیە کە لە پەکین دەرکراوە، ئاماژە بە ڕێکەوتنی ئەمنی نێوان هەر دوو وڵات و ڕێکەوتنی گشتی بازرگانی، ئابوری، وەبەرهێنان، گەنجان، کەلتوری و تەکنۆلۆژیایی دراوە، ئەمانەش ئەو ڕێکەوتنانەن کە لە نێوان هەر دوو وڵاتدا واژۆ کراون. هەروەها ڕێکەوتنێکی دیکە هەیە کە ئەویش لە بواری گواستنەوەی ئاسمانییە و ئەم ڕێکەوتنانە دواتر چالاک دەبن.
ئەم ڕێکەوتنانە بە چەندین هۆکاری ڕوون، ڕێکەوتنی کاتی نین، ئایا بەرپرسانی هەر دوو وڵات ئیرادەی جیدییان بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان هەیە؟
ئێمە لە چوارچێوەی سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەرامبەر دراوسێکان هەنگاو دەنێین و بۆ مسۆگەرکردنی ئامانجەکانی ئەم سیاسەتەش بە جیدی هەوڵ دەدەین و بەردەوام ئەوەمان ڕاگەیاندووە کە دەستی دۆستایەتی بەرەو وڵاتانی دراوسێ درێژ دەکەینەوە و پێمان وایە کە ئەمەش بۆ گەیشتنی ناوچەکە بە کەشی ئەرێنی وتووێژ، ڕێکەوتن، هاوکاری و هاوبەشی بە پێویست دادەنرێت.
کۆماری ئیسلامی ئێران ئەم سیاسەتەی جێبەجێ کردووە و بەردەوام پێی وایە کە ئەمە تەنیا ڕیگەی پێشکەوتنی ناوچەکەیە و ئەم ئیرادەمان لە برادەرانی سعوودی هەست پێکردووە و هەموومان لەم بوارەدا جیدین.
لە چوارچێوەی پەیوەندییەکانی ئێران و سعوودیە و پەرەسەندنی ئەم پەیوەندییانە لە گەڵ وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارس، چ کێشە و گرفتێک بوونی هەیە کە ئیرادەی وڵاتانی ناوچەکە بۆ گەیشتن بە پتەوکردنی هاوکارییەکانی نێوان وڵاتانی ناوچەکە ڕوبەڕوی کێشە دەکاتەوە؟
ئێمە لە ئێستا و لە داهاتوودا پێویستمان بەم پەیوەندییانە هەیە، ئەم دەرفەتەشمان تەنیا بۆ خۆمان ناوێت بەڵکوو باس لە دەرفەتەکانی داهاتوو بۆ سەرجەم وڵاتانی ناوچەکەیە و گرنگیدان بە بازرگانی، ئابوری، کەلتوری و ترانزێت و هەموو ئەمانەش بە دەرفەت هەژمار دەکرێن.
کەڵک وەرنەگرتن لەم دەرفەتانەش دەبێتە کێشە بۆ هەموومان، تەنانەت ئەگەر سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان بگەنە خاڵی هاوبەش و کۆدەنگی. ئێمە باس لە یەک یان دوو وڵاتی تایبەت ناکەین، لە بەر ئەوەی کە ئەمە پەیوەندییەکی بەرامبەرە و دەرفەتێکە بۆ ئێران و وڵاتانی دراوسێی.
کاردانەوەی ڕێکەوتنە هاوبەشەکەی ئێران و سعوودیە لە ناوچەکە چۆن دەبینن. بۆ نموونە، ئاڵۆزییەکانی یەمەن دابەزیوە و پەیوەندییەکانی سوریا و سعوودیەش گۆڕانکاری زۆر گەورەی بە خۆوە بینی؟
دەتوانم بڵێم کە ئەم گۆڕانکارییانە ئەنجامی دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئێران و سعوودیە بووە. لە ڕاستیدا ئێران و سعوودیە دوو وڵاتی گرنگی ناوچەکەن و دەتوانن لە سەرجەم بوارەکاندا پێکەوە هاوکاری بکەن. بە دڵنیاییەوە کە ئەم پەیوەندییانە کاریگەری لە گۆڕانکاری و پرسەکانی ناوچەکە وەردەگرێت و کاریگەریی لە سەر ناوچەکەش دەبێت. کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام داوای دابینکردنی ئاسایشی ناوچەکەی لە لایەن وڵاتان و گەلانی ئەم ناوچەوە کردووە، وڵاتانی ناوچەکە باشتر لە دۆخی ئێرە تێدەگەن. کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام جەختی لە سەر ئەمە کردووەتەوە و هەر بۆیە پێمان وایە کە دەبێت سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە بۆ دابینکردنی ئاسایش و گەشە و بەرەوپێشچوونی هاوکاری بکەن.
ئێوە شارەزای کاروباری ناوچەکەن و ئەزموونی زۆرتان لەم بوارەدا هەیە. پرسیار ئەوەیە کە ئایا وڵاتانی دیکە لە ناوچەکە یان ڕژێمی کاتیی زایۆنیستی و وڵاتانی ڕۆژئاوا دەتوانن کاریگەری لە سەر پەیوەندییەکانی ئێران و سعوودیە دابنێن، ئەمریکا وەک نموونەیەک کە باشتربوونی پەیوەندییەکانی ئێران و وڵاتانی عەرەبی لە دژی بەرژەوەندییەکانی خۆی دەزانێت؟
زۆربەی دۆستان و برادەرانی ئێمە لە دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئێران و سعوودیە هەست بە خۆشحاڵی دەکەن و پێشوازییان لێی کردووە بەڵام هەندێک لەم بابەتە ناڕەحەتن و هەندێکی دیکە وەک ڕژێمی کاتیی زایۆنیستی ئەم پەیوەندییە بۆ خۆی بە قورس و قبووڵنەکراو دەزانێت و هەوڵی تێکدانی دەدات.
بە بۆچوونی من ئەوەی کە گرنگە، ئەوەیە کە ئێمە داوای هاوکاری زیاتر دەکەین، بە تایبەت لە سەر ئاسایشی ناوچەکە. ئاسایش لە پێناسەیەکی نوێی ئابوری و بازرگانی و کەلتوری و کۆمەڵایەتی و بە ڕای ئێمە ئاسایش تەنیا بەرهەمی چەک و کەرەستەی سەربازی و هێزە چەکدارەکان نییە. کاتێک لە نێوان وڵاتانی ناوچەکەدا هاوکاری هەبێت، هیچ هۆکارێک توانای تێکدانی نییە./.