بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هوخبرگ مارۆم شارەزای زایۆنیست بۆ کاروباری جیۆپۆلتیک بە ڕۆژنامەی عبری زمانی مەعاریۆی ڕاگەیاندووە کە دۆزینەوەی کانگای لیتیۆمی ئێران دەتوانێت بگاتە گۆڕینی هاوسەنگی هێزی ناوچەیی و لە ڕووی جیۆپۆلتیکی و ئابوریشەوە پێگەی ئێران بە شێوازێکی کەم وێنە بەرز دەکاتەوە.
ناوبراو وتی کە ئیسرائیل بە وردی چاودێری ئەوە دەکات ئێران چۆن لەم دۆزینەوە لە پێناو بەرژەوەندییەکانی کەڵک وەردەگرێت.
بە پێی نووسینی ئەو ڕۆژنامەیە، هێزی سەربازیی ئێران و دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی لە گەڵ سعوودیە و باشترکردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ چەند وڵاتێکی وەک ئیمارات، بەحرەین و تەنانەت میسر و هەروەها مانۆڕە سەربازییە دەریاییەکانی ئێران لە گەڵ وڵاتانی وەک هیندستان و پاکستان بووەتە هۆکاری سەرەکی نیگەرانی بۆ ڕژێمی زایۆنیستی.
هوخبرگ مارۆم وتی کە پێشبینی دەکرێت بە دۆزینەوەی کانگای گەورەی لیتیۆمی 8.5 ملیۆن تەنی لە پارێزگای هەمەدان لە ڕۆژئاوای ئێران لە داهاتوویەکی نزیکدا دۆخی ئابوری و جیۆپۆلتیکی ئێران بەهێز دەکات.
ئەو شارەزا زایۆنیستە وتی کە ئەم کانگایە بەدەر لەوەی کە لە سەدا 10 ی ئاڵتوونی سپی جیهانی هەیە و بە 89 ملیۆن تەن مەزندە دەکرێت، بەڵکوو دۆزینەوەی دەتوانێت ئابوری ئێران ڕزگار بکات و لە کاریگەری گەمارۆکانیش کەم بکاتەوە.
مەعاریۆ ڕایگەیاندووە کە ئەم دۆزینەوە سەرکەوتنێکە لە دژی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بە تایبەت ئیسرائیل، لە بەر ئەوەی کە دەتوانێت ببێتە هۆکاری پەیوەندییەکی نزیکی ئێران لە گەڵ چین و وڵاتانی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بە تایبەت ئەندونیزیا و هەروەها پەیوەندییەکانی نێوان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا پتەوتر بکات./.