بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ” هادی ئۆفۆقهی “ دیپلۆماتی پێشوو و شارەزا لە کاروباری ناوچەکە سەبارەت بە کاریگەرییەکانی مووشەکە ئێرانییەکە بە ئاماژە بە لێدوانەکانی لیوا ئەمیرعەلی حاجیزادە فەرماندەی هێزی ئاسمانی و مووشەکی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، وتی: ئەم مووشەکە هاوکێشەکانی بەرگری دەگۆڕێت و ئێران لە بەرامبەر زۆربەی هێرش و هەڕەشەکان دەپارێزێت.
ناوبراو وتی: توانای ئەم مووشەکە 1400 کیلۆمەترە و پەیامێکە بۆ دوژمنی زایۆنیستی.
ئەو شارەزا ئێرانییە سەبارەت بە ناونانی مووشەکەکەش وتی: ئەرک و ڕاسپاردەی ئەم مووشەکە کردنەوەی گۆڕەپانەکەیە بۆ مووشەکە هێرشبەرەکانی دیکە، بەو پێیەی کە مووشەکی فەتاح لە بەرامبەر سیستەمەکانی بەرگری سەرکەتووو دەبێت و ئەو سەکۆ مووشەکییانە بۆردومان دەکات و پاش ئەوەش مووشەکە سەرەکییەکان ئامانجە دیاریکراوەکانی خۆیان بۆردومان دەکەن.
ئۆفۆقهی وتی کە ئەم مووشەکە بە تەکنۆلۆژیای لە سەدا سەد ئێرانی درووست کراوە و سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لە ڕێوڕەسمی ڕوونوێنیدا ئاماژەی پێدا.
مووشەکی تەواو پێشکەوتووی فەتاح لە توانایدایە بە خێراییەکی زۆرەوە هەر سیستەمێکی بەرگری تێک بشکێنێت و سەرکردە سیاسی و فەرماندە سەربازییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بە باشی ئەمە دەزانن.
” عەلی حەیدەر “ شارەزا لە کاروباری ڕژێمی زایۆنیستیش ڕایگەیاند کە ڕوونوێنی لە مووشەکی دەنگبڕی فەتاح گورزێکی کوشندە و کاریگەر دەبێت لە هەر شەڕێکی نێوان تەل ئەبیب و تاران.
ناوبراو وتی: کاتێک کە سەرۆک ئەرکانی سوپای داگیرکاری ڕژێمی زایۆنیستی، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ئەو ڕژێمە بوو، پرسیاری لێکرا کە کەی شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران ڕوو دەدات؟ ئەویش وەڵامی دایەوە کە ئێمە لە ئێستادا ئەو شەڕەمان دەستپێکردووە، لە بەر ئەوەی کە شەڕەکە لە نێوان ئەندازیاران و زانایانی هەر دوو لا بوونی هەیە.
ئەو شارەزایە جەختیکردەوە کە ئێران و ڕژێمی زایۆنیستی پەرەیان بەم شەڕەی نێوانیان داوە و ئەوەی کە ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستیی تۆقاندووە، ئەوەیە کە ئەم دەسکەوتەی ئێران گورزێکی کوشندەیە و بەشێکی زۆری پیلانەکانی تەل ئەبیب پووچەڵ دەکاتەوە.
عەلی حەیدەر وتی کە گۆڕانکاری نوێ بە واتای ڕوونوێنی لە مووشەکی فەتاح بووە، ئەمەش زۆربەی بژاردەکانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستیی لە بەرامبەر ئێران بەرەو گۆڕانکاری بردووە.
ناوبراو وتی کە هەر هێزێکی مووشەکی لە ڕووی توانا و بڕینی سیستەمەکانی بەرگرییەوە لە گەڵ مووشەکەکانی دیکە جیاوازیی هەیە.
ئەو شارەزای کاروبارەی ڕژێمی زایۆنیستی هەروەها وتی: مووشەکە ئێرانییەکە توانای بڕینی 1400 کیلۆمەتر، واتە ڕژێمی زایۆنیستیی هەیە، هێزی ڕووخانی زیاتر لە مووشەکانی دیکەیە و کاریگەری و تایبەتمەندی زۆریشی هەیە. ژمارەی ئەم مووشەکەش بەندە بە بڕیاری بڕیار بە دەستانی ئێرانەوە، لە بەر ئەوەی کە بەرهەمی ناوخۆییە و تایبەتمەندییە گرنگەکەی بەراورد بە مووشەکانی دیکە ئەوەیە کە بە سەر سیستەمە مووشەکی و بەرگرییەکاندا تێپەڕ دەبێت.
” عادل شەدید “ شارەزای دیکەی کاروباری ڕژێمی کاتیی زایۆنیستی، وتی: ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی ئەم مووشەکەی ئێران وەک تێکدەری هاوسەنگییەکان ناو دەبات.
ناوبراو وتی: ڕژێمی زایۆنیستی بە هەستیارییەوە لە هەر پێشکەوتنێکی زانستی و تەکنۆلۆژیایی لە ناوچەکە دەڕوانێت، بەڵام ئەوەی کە لە ڕوونوێنی لە مووشەکی فەتاح ی ئێرانی ڕوویدا، گۆڕانکارییەکی زۆر گەورەیە و لە ناوەندە ئەمنی و سەربازییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی وەک تێکدەری هاوسەنگییەکان باسی لێکراوە.
عادل شەدید وتی: وڵاتانی ڕۆژئاوا و ڕژێمی زایۆنیستی بەردەوام هەوڵیانداوە کە ئەم بابەتە بە سەر ناوچەکەدا بسەپێنن کە تەنیا تەل ئەبیب دەبێت خاوەن زانست و تەکنۆلۆژیا بێت، بەڵام پێشکەوتنەکانی ئێران و بە تایبەت مووشەکی دەنگبڕی فەتاح هەموو ئەو خەونانەی ئەوانی پووچەڵ کردەوە.
ئەو شارەزایە وتی کە بۆ یەکەم جارە کە داگیرکارانی زایۆنیست کاریگەری و لێهاتوویی مووشەکە ئێرانییەکە ڕوبەڕوی پرسیار ناکەنەوە، یان بە گومانەوە لەوەی کە ئەم مووشەکە بەرهەمی ناوخۆییە و مەودایەکی زۆریش دەبڕێت، ناڕوانن.
ناوبراو وتی کە زۆربەی میدیاکانی ڕژێمی زایۆنیستی دانیان بەوەدا ناوە کە ئێران دەستی بەم تەکنۆلۆژیا پێشکەوتووە گەیشتووە کە زۆرێک لە وڵاتان توانای ئەوەیان نییە./.